جیهان

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کاتی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش لە 14-3-2025، وێنە: ALEKSEY BABUSHKIN / POOL / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاین بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی هاوپەیمانییەک تاوەکو پارێزگاری لە ئاگربەستی چاوەڕوانکراوی ئۆکراینا بکات، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "تۆپەکە لە گۆڕەپانی رووسیادایە و ڤلادیمیر پووتین زوو یان درەنگ، دەبێت بێتە سەر مێزی دانوستاندن."
کیەر ستامەر، بە نزیکەی 26 سەرکردەی دیکەی گوت، پێویستە سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت؛ چۆن ئۆکراینا بەهێزبکەن، ئاگربەست بپارێزن و بەردەوام گوشار بخەنە سەر مۆسکۆ.
لە کاتێکدا ئۆکراینا رایگەیاندووە "لایەنی ئاشتییە" و بە 30 رۆژی بێمەرج رازی بووە. ستامەر گوتی "پووتین ئەو کەسەیە کە هەوڵی دواخستنی دەدات".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی "ئەگەر پووتین لەبارەی ئاشتی جیدییە، پێموایە شتەکە زۆر ئاسانە، دەبێت هێرشە دڕندانەکانی بۆ سەر ئۆکراینا راگرێت و بە ئاگربەست رازیبێت. جیهانیش چاودێریی دۆخەکە دەکات."
ستامەر دوای دانوستاندنەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردە سەربازییەکان جارێکی دیکە رۆژی پێنجشەممە لە بەریتانیا کۆدەبنەوە و هاوپەیمانییەکەیان دەگەیێننە "قۆناخی جێبەجێکردن".
ئەو گوتی "ئەو گرووپەی ئەمڕۆ بەیانی کۆبووەوە گەورەترە لەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر هەمانبوو، پێداگرییەکی بەکۆمەڵی بەهێزتر هەیە و ئەمڕۆ بەیانی بەڵێنی نوێ لەسەر مێزەکە دانران."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریی دا کە رووسیا دەیەوێت "پێگەیەکی بەهێزتر" لە رووی سەربازییەوە بەدەستبهێنێت پێش ئەوەی ئاگربەست رابگەیێنرێت.
زیلینسکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کیێڤەوە رایگەیاند، "دەیانەوێت دۆخیان لە گۆڕەپانی جەنگدا باشتر بکەن."
ئەو ئاگربەستەی لەلایەن تیمی ترەمپەوە پێشنیازکراوە، لە کاتێکدا دێت کە رووسیا لە زۆربەی بەرەکانی جەنگ لە نێو خاکی ئۆکراینادا پێشڕەویی کردووە.
سەرۆکی رووسیا پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستی پێشنیازکراو لەلایەن ئەمریکاوە نیشان نەدا، بەڵکو کۆمەڵێک داواکاریی خستنەڕوو.
بەڵام زیلینسکی گوتی، پووتین "لە بارەی ئاڵۆزیی ئاگربەستەکە، درۆ دەکات".
'ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام'
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپی لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس گوتی کە رووسیا دەبێت "پیشانیبدات ئامادەیە پشتگیری لە ئاگربەستێک بکات کە ببێتە هۆی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام".
هەروەها دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە ئێکس گوتی، "ئێستا گرنگە بەردەوام بین لە گوشارخستنە سەر رووسیا بۆ بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی دانوستاندن."
شەوی هەینی، شەڕ بەردەوام بوو، لە جەنگێکدا کە ماوەی سێ ساڵە وچانی نەبووە. رووسیا رایگەیاند، دوو گوندی دیکەی لە هەرێمی کورسکی رووسی لە دەستی هێزە ئۆکراینییەکان دەرهێناوە.
لەگەڵ خێرابوونی هەنگاوەکان بۆ ئاگربەست، مۆسکۆ لەم هەفتەیەدا هەوڵی داوە بەشێکی زۆری ئەو زەوییانە بگەڕێنێتەوە کە ئۆکراینا لە سەرەتادا لە رۆژئاوای کورسک کۆنترۆڵیکردبوون.
بەڵام زیلینسکی نکۆڵی لە "گەمارۆدانی" هێزەکانی لە ناوچەی کورسک کرد و گوتی "هێزەکانمان بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی رووسیا و کۆریای باکوور لە ناوچەی کورسک".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان گوندەکانی زاولێشێنکس و روبانشچینایان کۆنترۆڵکردووە لە باکوور و رۆژئاوای شارۆچکەی سودژا، سەرەکیترین شارۆچکە کە مۆسکۆ ئەم هەفتەیە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی دا.
'پووتین جیدیی نییە لەبارەی ئاشتی'
کیێڤ لەگەڵ ئەوەشدا گوتی؛ هێزی ئاسمانییان لە شەودا 130 درۆنی شاهێدی دروستکراوی ئێرانی-رووسیان لە 14 هەرێمی وڵاتەکە، خستووەتە خوارەوە.
ستامەر رۆژی هەینی گوتبووی "بێبایەخیی تەواوی کرێملین بۆ پێشنیازی ئاگربەستی سەرۆک ترەمپ، تەنیا ئەوە پیشان دەدات کە پووتین رژد نییە لەبارەی ئاشتی."
دوای ئەوەی مانگی رابردوو، ترەمپ راستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ کەوتە گفتوگۆ، ستامەر و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا سەرکردایەتیی هەوڵەکانی ئەورووپایان کرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک.
ئەوان دەڵێن هاوپەیمانییەکەیان، لەگەڵ پشتگیریی ئەمریکا، بۆ دابینکردنی گەرەنتیی ئاسایش بۆ ئۆکراینا پێویستە بۆ ئەوەی رێگری لە پووتین بکەن تاوەکو نەتوانێت هیچ ئاگربەستێک پێشێل بکات.
ستامەر و ماکرۆن ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامادەن هێزی سەربازیی بەریتانیا و فەرەنسا بنێرنە ئۆکراینا، بەڵام روون نییە ئایا وڵاتەکانی دیکە خوازیارن هەمان شت بکەن یان نا.
"وەستاندنی توندوتیژی"
ماکرۆن هەروەها لە درەنگانی رۆژی هەینی داوای لە رووسیا کرد، پێشنیازی ئاگربەستەکە قبووڵ بکات و واز لە "دواخستنی پرۆسەکە" بهێنێت.
ئەڵمانیا رۆژی هەینی رەخنەی لە وەڵامی پووتین بۆ ئاگربەستی پێشنیازکراوی ئەمریکا گرت.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی گوتی، "بە وریاییەوە گەشبینە" لەبارەی گەیشتن بە ئاگربەست، بەڵام دانی بەوەدا نا کە "هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت".
ستامەر گوتی، پێشوازی لە هەر پشتگیرییەک دەکات بۆ هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوەکەیان، کە ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک وڵات لە رووی لۆجیستی و چاودێرییەوە بەشدار بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ