رووسیا: دوو گوندی دیکەمان لە کورسک کۆنترۆڵکردنەوە

دوێنێ کاژێر 05:23
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا دەڵێت، لە هەرێمی کورسکی رۆژئاوای وڵاتەکە کە ئۆکراینا کۆنترۆڵی کرد، توانیویانە دوو گوندی دیکە بگرنەوە.
 
رۆژی شەممە 15-03-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانیان هەردوو گوندی (زاولێشێنکا) لە باکوور و (روبانشچینا)یان لە رۆژئاوای شاری سوودژا لە هەرێمی کورسک کۆنترۆڵکردنەوە.
 
ئەم هەفتەیە؛ موسکۆ بەچڕی هێرش و گوشاری کرد بۆ ئەوەی بەشێکی گەورەی ئەو خاکە وەربگرێتەوە کە ئۆکراینا لە ئابی پارەوە لە هەرێمی کورسک کۆنترۆڵی کردبوو.
 
دوێنێ (هەینی) ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لە هێزە گەمارۆدراوەکانی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسکی رووسیا کرد، "خۆیان بەدەستەوە بدەن." ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد ژیانی ئەو سەربازە ئۆکراینییانە بپارێزرێت.
 
رووسیا لە هەفتەی رابردوودا هێرشێکی خێرای پێچەوانەی لە ناوچەی سنووریی رۆژئاوای وڵاتەکەی دەستپێکرد، بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە ئۆکراینا لە هێرشێکی کتوپڕدا دەستی بەسەردا گرتن.
 
شکستی ئۆکراینا لە کورسک گورزێکی گەورە دەبێت بۆ پلانەکانی کیێڤ بۆ بەکارهێنانی ناوچەکە وەکو کارتێکی گوشار لە دانوستاندنەکانی داهاتوو لەگەڵ مۆسکۆ.
 
رۆژێک دوای ئەوەی کە لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ نێردەیەکی ئەمریکی کۆبووەوە، پووتین گوتی "لە داواکەی سەرۆک ترەمپ تێدەگەین. ئەگەر چەکەکانیان دابنێن و خۆیان رادەست بکەن، ژیان و مامەڵەی شایستەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند "دۆخی کورسک، زۆر قورسە."
 
سوپای ئۆکراینا نەخشەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، کە دەردەکەوێت سەربازەکانی بە ئاراستەی رۆژئاوا و سنووری ئۆکراینا پاشەکشەیان کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

حکومەتی ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ میدیاکان راگرت

کۆشکی سپی لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو دەزگە میدیایانە رایگەیاند: "بڕیارەکە بۆ ئەوەیە چیدیکە باجدەرانی ئەمریکا نەبنە کەرەستەی پڕوپاگەندەی تووندڕۆکان."