ئەفریقای باشوور: دەرکردنی باڵیۆزەکەمان لە ئەمریکا جێگەی داخە

دوێنێ کاژێر 05:14
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور رایگەیاند، بڕیاری ئەمریکا بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ئەفریقای باشوور "جێگەی داخە"، داوای لە هەردوو وڵات کرد "رەوشتی دیپلۆماسی" لەنێوانیاندا بپارێزن. ئەمریکاش رایگەیاند، باڵیۆزەکە "رقی لە ترەمپە".
 
رۆژی شەممە (15-03-2025) نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەفریقای باشوور، لەسەر دەرکردنی باڵیۆزەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە لە واشنتن گوتی: "ئەم دەرکردنەی بەڕێز ئیبراهیم جێگەی داخە. داوا دەکەین رەوشتی دیپلۆماسی لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ بابەتەکەدا بپارێزن."
 
دوێنێ (هەینی)، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "چیدیکە ئیبراهیم رەسووڵ، باڵیۆزی ئەفریقای باشوور لە ئەمریکا جێگەی نابێتەوە، چونکە ئەو سیاسەتڤانێکی رەگەزپەرستە و رقی لە سەرۆک ترەمپە."
 
روبیۆ لە ئێکس نووسی "هیچ شتێکمان نییە لەگەڵی دا تاوتوێی بکەین، ئەو بە کەسێکی نەویستراو دادەندرێت."
 
نووسینگەی سەرۆکایەتی هەروەها رایگەیاند "ئەفریقای باشوور لەگەڵ ئەمریکا بە دروستکردنی پەیوەندییەکەوە پابەند دەبێت، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنە بێت."
 
دەرکردنی ئیبراهیم رەسووڵ بووە هۆی گرژی لە پەیوەندییەکانی پریتۆریا و واشنتن.
 
قسەکانی روبیۆ دوای ئەوە هاتن، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، باڵیۆزی ئەفریقای باشوور گوتوویەتی، ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەو باوەڕە کاریکردووە، کە سپیپێستەکان باڵادەستن و لەپێشترن لە رەگەزەکانی دیکە.
 
ترەمپ لە مانگی شوباتدا هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ ئەفریقای باشوور سڕکرد، ئەمەش دوای ئەوەی گوتی، یاسایەک هەیە رێگە بە زەوتکردنی زەویی جووتیارە سپی پێستەکان دەدات.
 
هەفتەی رابردوو ترەمپ گرژییەکانی زیاتر کرد و رایگەیاند جووتیارەکانی ئەفریقای باشوور دەتوانن لە ئەمریکا نیشتەجێ بن، ترەمپ ئەو تۆمەتانەی دووبارە کردەوە، کە حکومەتی وڵاتەکە زەوی لە خەڵکی سپیپێست "زەوت دەکات".
 
ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی و وەزیری وەزارەتی کارامەیی لە ئیدارەی ترەمپ کە لە ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی ترەمپ دەکات و پێیوایە؛ حکومەتی ئەفریقای باشوور مافی سپیپێستەکان پێشێل دەکات؛ تۆمەتێک کە ئەفریقای باشوور رەتیدەکاتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

حکومەتی ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ میدیاکان راگرت

کۆشکی سپی لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو دەزگە میدیایانە رایگەیاند: "بڕیارەکە بۆ ئەوەیە چیدیکە باجدەرانی ئەمریکا نەبنە کەرەستەی پڕوپاگەندەی تووندڕۆکان."