رووداو - هەولێر
لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا زەوییەکی وشكهەڵاتووی نزیک دەریاچەی ئوم رەبیعە لە هەرێمی ستات لە مەغریب دەبینن کە ئەو ناوچەیە ساڵانی زوو بەپیترین زەوی هەبوو بۆ کشتوکاڵ، بەڵام ئەمساڵ چڵێک گیای تێدا نەڕواوە.
هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی مەغریب لە مساڵدا کەمیی باران بارینە کە تەنیا 53٪ی ئەو بڕە باریوە کە لە پێشوودا دەباری؛ ئەمەش وایکردووە بەشێک لە جووتیار و ئاژەڵداران بەهۆی کەمیی ئاوەوە دەستبەرداری پیشەکەیان ببن.
محەممەد سبای، جووتیار دەڵێت: "دۆخەکە لە شەش بۆ حەوت ساڵی رابردوودا بەرەو خراپتر چووە. هیچ بارانێک لەو ماوەیەدا نەباریوە تاوەکو زەوییەکانمانی پێ ئاو بدەین. هەربۆیە پەمپی ئاویان بۆ گەیاندنی ئاو داناوە کە تەنیا دوو رۆژ لە هەفتەکەیدا کار دەکەن؛ 20 بۆ 30 کەس بە جارێک نۆرە بۆ ئاو دەگرن".
بەگوێرەی بانکی جیهانی، هەر تاکێک ساڵانە هەزار و 700 مەتر سێجا ئاوی پێویستە، بەڵام ئەو بڕە لە مەغریب تەنیا 600 مەتر سێجایە بۆ هەر هاووڵاتییەک، کە لە ساڵی 1960 چوار هێندە بوو.
حکومەتی مەغریب دەڵێت، سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە تەنیا 33.9٪ی قەبارەی پێشوویان، ئاویان تێدایە، دەریاچەی ئوم رەبیعە یەک لەوانەیە کە دۆخیان خراپە و ئێستا 7٪ی قەبارەی سەرەکییەکەی ئاوی تێدایە.
محەممەد سوبای هەروەها باسی لەوەش کرد: "دۆخی ئاو لەم شوێنە کارەساتبارە، ئەوە مانگێکە ئاومان نییە. هەبوونی ئاو دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا تەواو نییە. بیرەکانیش خەریکە وشک دەبن و ئاستی ئاوی بەنداوی مەسیرەش دابەزیوە. خەڵک لێرەوە ئاویان دەهێنا، بەڵام ئێستا ئاوەکە 12 کیلۆمەتر دوورکەوتووەتەوە".
80٪ی سەرچاوە ئاوییەکان لە مەغریب بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت، کە یەکێکە لە سەرەکیترین سەرچاوەی ئابووریی وڵاتەکە.
کشتوکاڵ لە مەغریب 14٪ی تەواوی بەرهەمی نێوخۆیی وڵات پێکدەهێنێت و 40٪ی دانیشتووانەکەشی جووتیارن. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت 80٪ی بەرهەمی کشتوکاڵی مەغریب لەناوبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ