رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین رەتیکردەوە جارێکی دیکە رێگە بە پسپۆڕانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بدات، بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکی زانستی نوێدا لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن.
سەرەتای ئەمساڵ پسپۆرانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چوونە شاری وهان و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە چین و سەردانی ناوچە جیاوازەکانی شاری وهانی چین، راپۆرتێکیان سەبارەت بە سەرچاوەی یەکەمی ڤایرۆسەکە بڵاوکردەوە. دەرەنجامەکەش ئەوەبوو، کە ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە لە گیانەوەرەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە، بەڵام دەرەنجامێکی زانستی پشتڕاستکراوەیان دەستنەکەوت.
ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی هەرزوو ئەو ئەنجامەی رەتکردەوە و لە مانگی ئایاریشەوە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە ئەمریکاوە لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرچاوەی یەکەمی ڤایرۆسەکە دەکرێت، بەتایبەت چونکە ئەمریکا هێشتا باوەڕی وایە ئەو ڤایرۆسە لە تاقیگەکانی چینەوە دزەی کردووە.
بەهۆی ئەو مشتومڕەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەیەوێت بۆ جاری دووەم بچێتەوە چین و لێکۆڵینەوە لەسەر هەمان بابەت بکات، بەڵام ئەمڕۆ هەینی حکومەتی چین ئەو داوایەی رێکخراوەکەی رەتکردەوە.
ما ژاوژو، جێگری وەزیری دەرەوەی چین، لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە چین دژی ئەو جۆرە "نیازە سیاسییەیە" و رێگە نادات بەو جۆرە لێکۆڵینەوە بکرێت، بەڵام کراوەشن بۆ بەدواداچوونی زانستی.
بەبڕوای چین داواکارییەکەی رێکخراوی تەندروستی بەهۆی گوشاری سیاسییەوە بووە، نەک گەڕانی زانستی. هەروەها پێشیانوایە ئەو توێژینەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بەسە و بەگرنگی نازانن توێژینەوەی دیکە بکرێت.
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری وهانی چین بڵاوبووەوە، تائێستا لە 222 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری ماڵپەڕی وۆڵدئۆمیتەر کە تایبەتە بە ئامار، تائێستا 206,317,781 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 4,349,493 کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 185,145,353 تووشبووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ