رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین رۆژی كۆنگرەی ساڵانەی پارتی كۆمیونیستی چین و لەگەڵ دەستبەكاربوونی بۆ سێیەم خول وەك سەرۆكی چین، شی جین پینگ چەند خاڵێکی وەك كاری لە پێشینەی حیزبەكەی و حكومەتەكەی راگەیاند، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی سەربەخۆیی تایوان.
دوای ئەوەی رۆژی هەینی 10-3-2023 شی جین پینگ هەم وەكو سەرۆكی پارتی كۆمیونیستی چین، هەم وەك سەرۆكی وڵاتەكەی هەڵبژێردرایەوە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 13-3-2023) گوتاری كۆتایی كۆنگرەی ساڵانەی پارتەكەی پێشكێشكرد.
لە گوتارەكەیدا لەگەڵ دەستنیشانكردنی چەند خاڵێك بۆ بەهێزبوونی ئابووری، سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكەی، شی جین پینگ جەختی لە یەكپارچەیی خاك كردەوە و لە گوتارەكەیدا 18 جار باسی رێگری لە سەربەخۆیی تایوان كرد.
لە قسەكانیدا سەرۆکی چین ئاماژەی بەوە كرد رێگە بە دەستوەردانی هیچ لایەنێك لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی چین نادەن و یەكپارچەیی چین و تایوانی وەكو هێڵی سوور ناوبرد و گوتی "هەموو كاردانەوەیەك بە مافی خۆمان دەزانین، ئەگەر سەروەریی خاكەكەمان بكەوێتە مەترسییەوە".
هەرچەندە تایوان، هەرگیز لەلایەن چینەوە ئیدارە نەدراوە و بەردەوام وەكو "هەرێمێكی سەرەڕۆ" ناوی هێنراوە، كە "دەبێت رۆژێك بخرێتەوە سەر خاكی چین"، بەڵام لە چەند ساڵی دواییدا و لەگەڵ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و تایوان، جەختکردنەوەی چین لە رێگریکردن لە سەربەخۆیی تایوان زیاتر بووە.
سەرۆكی چین لە گوتارەكەیدا "هێزی سەربازیی چین"ـی وەكو دیوارێكی پۆڵایین بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاكی چین وەسفكرد.
لە دوو هەفتەی رابردوودا و لەگەڵ پەسندكردنی فرۆشتنی چەك بە تایوان لەلایەن ئەمریكاوە بە بڕی نزیكەی 650 ملیۆن دۆلار، بەرپرسانی باڵای چین بەردەوام باسیان لە ئەگەری هەموو كاردانەوەیەك كردووە لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریكا.
سەرۆكوەزیرانی تایوانیش هەفتەی پێشوو رایگەیاند بە دووری نازانن لە ساڵی 2023 چین سنوورەكانی تایوان ببەزێنێت، گوتیشی "ئەگەر چین ئەو كارە بكات، بە دڵنیاییەوە ئێمە یەكەم فیشەك دەتەقێنین".
14ـەیەمین كۆنگرەی ساڵانەی پارتی کۆمیونیست لە ماوەی دوو هەفتەدا و بە بەشداری نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و نوێنەری ئەو پارتە لە هەرێمە جیاجیاكانی چینەوە لە پەكینی پایتەخت سازکرا. لە دوایین رۆژی كۆنگرەکەدا لەگەڵ گۆڕینی چەند پۆستێکی وەزاری، زیاتر لە پێنج هەزار پۆستی باڵای دیكەش ئاڵوگۆڕیان پێكراوە. گەیاندنی گەشەی ئابووری چین بۆ 5٪، بەرەنگاربوونەوەی سەربەخۆیی تایوان، كرانەوەی ئابووریی چین و كەرتی گەشتیاری بەڕووی جیهان، لە تەورە سەرەكییەكانی كۆنگرەی ئەمساڵ بوون.
شی جین پینگـی تەمەن 69 ساڵ، بۆ سێیەم جار و بۆ پێنج ساڵی دیكە بووەوە سەرۆكی چین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ