رووداو دیجیتاڵ
تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، کورد و کۆچبەران بەگشتی، ترسیان لە سەرکەوتنی پارتە دژە کۆچبەرەکان هەیە. پەرلەمانتارێکی پارتی کریستیان دیموکراتەکان دەڵێت، ''گرنگە هەر کۆچبەرێک پابەندی بنەما سەرەکییەکانی ئەڵمانیا بێت، لەوبارەوە لەگەڵ کوردەکان هیچ کێشەیەک نابینم، تەنیا دەبێت کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بهێنرێت.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-02-2025، لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی کرد، هەریەک لە پەیامنێران زنار شینۆ لە پاریس، پەیام سەربەست لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا و ئاڵا شاڵی لە میونشن سەبارەت بە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ زانیارییان خستەڕوو.
''ئەمڕۆ بۆ میونشن رۆژێکی رەش بوو''
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میونشنی ئەڵمانیا شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و بەهۆیەوە "28 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون."
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی دا، ''ئەمڕۆ بە رۆژێکی رەش ناوبراوە بۆ میونشن، کۆچبەرێکی ئەفغانی تەمەن 24 ساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی مینی کووپەر، خۆی کرد بەنێو هەزار و 500 خۆپێشاندەر و لەو 28 کەسەی کە بریندارن، دووانیان تەندروستییان ناجێگیرە.''
مارکۆس سۆدەر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی باڤاریا بە رۆژنامەڤانانی گوتووە، "ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بووە، دەمێکە داوا دەکەین گۆڕانکاری بکرێت، ئێستا کاتی هاتووە بە جیدی گۆڕانکاری بکرێت.''
ئاڵا شاڵی زانیاری لە پۆلیس وەرگرتووە و دەڵێت: تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2013ـەوە لەگەڵ برایەکی چووەتە ئەو وڵاتە و داوای مافی مانەوەی کردووە، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.
بەگوێرەی تیمەکانی فریاگوزاریی ئەڵمانیا؛ شۆفێرەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی بەئامانج گرتووە، کە مانیان لە کارکردن گرتبوو.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا رۆژی 23ـی شوباتی 2025 بەڕێوەبچێت؛ 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەیان هەیە و 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن.
بەگوتەی ئاڵا شاڵی، رووداوەکانی هاوشێوەی ئەو بەئامانجگرتنەی ئەمڕۆی هاووڵاتییان لە میونشن، هۆکارن بۆ بەهێزتربوونی پارتی راستڕۆ تووندڕۆکان کە دژە کۆچبەرن.
پەیامنێری رووداو باس لەوە دەکات، ''سەرەڕای بارانبارین، بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە و پرسی کۆچبەران باڵی بەسەر هەموو پرسەکانی دیکەدا کێشاوە، ئێستا لە دیبەیتەکاندا زیاتر باسی پرسی کۆچبەران دەکرێت، دەیانەوێت بە جدی گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەراندا بکەن.''
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، کریستییان دیموکراتەکان کە پارتێکی دیموکراتە، رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە و ئێستا سەبارەت بە کۆچبەران، هەمان داواکارییان هەیە کە پارتی راستڕۆ تووندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD)کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، ''ئەوان دەڵێن ئەو هەنگاوە (دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران) ئێمە بیکەین باشترە لەوەی کە پارتە راستڕۆ تووندڕۆکان دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن و بەهێزتر بن''.
بەگوێرەی راپرسییەکان، AFD دوای پارتی کریستیان دیموکراتەکان دووەم پارتە لە ئەڵمانیا، بەڵام خەڵک ترسی لەوە هەیە کە ئەم جارە یەکەم دەنگی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. ئەو پارتە داوا دەکات سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێن و رێگری لە هاتنی کۆچبەران بکرێت، هەروەها دیپۆرتکردنەوەش بە خێراترین شێوە جێبەجێ بکرێت.
پێداگری لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لەلایەن پارتی AFD و کریستیان دیموکراتەکان لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی دەستووری ئەڵمانیا، ئەمە رێگەپێدراو نییە و پێویستە ئەو کەسەی دێتە نێو خاکی وڵاتەکە، مافی ئەوەی پێبدرێت داوای پەنابەرێتی بکات، دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە، پاشان بڕیار لەسەر مانەوە یان دیپۆرتکردنەوەی بدرێت.
ئاڵا شاڵی ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەند لەسەر پرسی کۆچبەران پارتی AFD و کریستیان دیموکراتەکان هاوڕان، ''بەڵام کریستیان دیموکراتەکان دەڵێن، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ پارتی AFD حکومەت پێکناهێنین.''
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە پرسە یەکلاکەرەوەکانی ئەڵمانیا کە لە دیبەیتی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیشدا رەنگی داوەتەوە. بە گوێرەی دوایین راپرسیی میدیای ئەو وڵاتە، دوو لەسەر سێی هاووڵاتییانی ئەڵمانیاش پاڵپشتیی تووندکردنی سنوورەکان بەرامبەر کۆچبەران و پاڵپشتیی دیپۆرتکردنەوەیان دەکەن.
یەکێک لە پرسە گەرمەکانی دیکەی نێو بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا، پرسی ئابووریی وڵاتەکەیە. لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم، ساڵی 2020 یەکەمجار بوو، ئابووریی ئەڵمانیا 4.3٪ دابەزێت، دواتر لە ساڵی 2021 و 2022 دۆخەکە جارێکی دیکە باشتر بووەوە. لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 2.30٪ .
پارتەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا دابەش بوونە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەکیان پێیان وایە کۆچبەران بوونەتە ئەرک لەسەر شانی دەوڵەت و حکومەت و پێویستە لەدوای هەڵبژاردن زۆربەیان بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان چونکە هۆکارن بۆ دابەزینی ئابووریی وڵاتەکە.
لە بەرامبەردا بەشێک لە پارتەکان پێیان وایە، ئەڵمانیا بەبێ کۆچبەران ئابوورییەکەی زیاتر خراپ دەبێت، چونکە ئەم وڵاتە ساڵانە لانیکەم پێویستی بە بە نزیکەی 400 هەزار دەستی کاری بیانی هەیە.
چارەنووسی ملیۆنێک و 500 هەزار کوردیش لە ئەڵمانیا بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە. پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا سەبارەت بە هەڵبژاردن قسەی لەگەڵ ژمارەیەک کورد کردووە و دەڵێت، ''هەست دەکەم خەڵکی دیاسپۆرا چ کورد و چ نەتەوەکانی دیکە، دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان هەڵبژاردنیان بۆ گرنگ نییە، بەڵام خەڵکێکی دیکە هەن ترسیان لە زیادبوونی دەنگی پارتی AFD هەیە، بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن.''
هەواڵی ناڕاست و کاریگەریی دەرەکی وای کردووە کە هەموو پارتەکانی ئەڵمانیا ترسیان هەبێت. بەگوتەی هێمن عەبدوڵڵا، پارتەکان لەو وڵاتە جیا لە کاریگەریی رووسیا لەسەر هەڵبژاردنەکان، لە ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری جیهان و راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکاش دەترسن کە پەیامی بۆ پشتیوانانی پارتی راستڕۆ تووندڕۆکان ناردووە و گوتوویەتی، ''کاتی ئەوە هاتووە چی دیکە شەرم لە رابردووی باوک و باپیرانتان نەکەن، ئێوە بەرپرس نین لەوەی کە ئەوان کردوویانە.''
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پاریس ئاماژەی دا، دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیادا دەبینرێت.
گوتیشی، ''لێرە چاوی ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەوەیە کە کێ لە ئەڵمانیا دەبێتە دەسەڵاتدار یان حکومەتێکی چەندە بەهێز پێکدەهێنرێت.''
لە نوێترین راپرسی بۆ هەڵبژاردنی ئەڵمانیا دەردەکەوێت کە کریستیان دیموکراتەکان یەک لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستدەهێنن و پارتی لیبراڵ (FDP) ئەگەری هەیە بەربەستی هەڵبژاردن تێنەپەڕێنێت و نەچێتەوە نێو پەرلەمان، چەپەکان لە دوایین راپرسیدا دەنگیان گەیشتووەتە 6٪ و هەروەها پارتی دژە کۆچبەری AFD دەنگەکانی دوو هێندە زیادیکردووە و پێشبینیش کراوە 21٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش دەبێتە دووەم گەورەترین پارتی نێو پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا.
ژمارەیەک لە کوردەکان لە پارتە چەپەکان دەکشێنەوە
کورد لە ئەڵمانیا زیاتر لە پارتە چەپەکاندا ئەندامن. شوانە وەیسی، ئەندامی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئێسن کە لەسەر لیستی چەپەکان بەربژێری پەرلەمانی بوو، لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە کشانەوەی لە پارتە چەپەکان رایگەیاند، ''بڕیارەکەم دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو، یەکەم ئەوەی کە حیزبی چەپەکان لە پرسی ئاشتی دوورکەوتووەتەوە و لە ئاستی پێویست بایەخ بە یەکسانیی کۆمەڵایەتی نادات.''
شوانە وەیسی، پێشبینی دەکات بەهۆی هەندێک رووداوەوە کە لەم دواییانە لە ئەڵمانیا روویان دا، ژمارەی دەنگەکانی پارتی دژە کۆچبەری راستڕۆی تووندڕۆ زیاد بکات، ''بەڵام بەپێی راپرسییەکان، پارتی کریستیان دیموکراتەکان چانسی گەورەی هەیە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن و سۆسیال دیموکراتەکانیش کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، شکست بهێنن و ببن بە حیزبی سێیەم یان چوارم.''
''لەگەڵ کورد کێشەمان نییە''
کریستۆف دەفریس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لەسەر پشکی کریستیان دیموکراتەکان کە لە لیژنەی گروپی پەرلەمانتاری ژیانی کورد لە ئەڵمانیا ئەندامە بە ئاڵاشاڵی، پەیامنێری رووداوی گوت، ''من پێموایە کوردەکان لە ئەڵمانیا هاوبەشێکی زۆر گرنگن بۆ دیموکراسی، ئەگەر ئەوان نەبووان، داعش زۆر بەرەوپێش دەچوو، من سوپاسیان دەکەم.''
کریستۆف دەفریس لەبارەی پێکهێنانی حکومەت لە داهاتوودا گوتی، ئێمە هیچ گفتوگۆیەک، هیچ هاوکارییەک، هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ AFD ناکەین، من هیچ کات رازی نابم بە شتی وا، کەسیش لە پارتی کریستیان دیموکراتەکان ناناسم کە ئەمە بکات. ئەمە هەر لە بیر و باوەڕماندا نییە.''
ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا لەسەر پشکی کریستیان دیموکراتەکان ئاماژەی دا، ''کورد خەڵکێکی چالاک و بەتوانان، ئەوان هاتوون بۆ ئەڵمانیا بۆ کارکردن، ئێمە دەمانەوێت کە کارکردن لە ئەڵمانیا دووبارە بەسوود بێت، ئەو کەسانەی زیاتر کار دەکەن لە باج ببەخشرێن، پێموایە زۆر شت لە ئەڵمانیا نەدەکرا بەردەوام بێت ئەگەر کورد نەبووایە.''
کریستیان دیموکراتەکان یەکێک لەو پارتانەن کە پلانیان بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران هەیە. لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی کە چی دەکەن ترسی کورد و کۆچبەرانی دیکە لە دیپۆرتکردنەوە بڕەوێننەوە کریستۆف دەفریس دەڵێت، ''گرنگ نییە کەسێک لە کوێوە هاتووە و چۆن بیر دەکاتەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پابەندی بنەما سەرەکییەکانی ئەڵمانیا بێت. لەوبارەوە لەگەڵ کوردەکان هیچ کێشەیەک نابینم. بەڵام ئەوەی دەبێت کۆتایی پێ بهێنین، کۆچی نایاسایی ساڵانی دواییە.''
لەم هەڵبژاردنەدا، 45 پارت رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی 5٪ تێپەڕێنن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت. لە خولی بیستەمینی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، حەوت پارت نوێنەریان هەیە ئەوانیش:
- سۆشیاڵ دیموکرات (SPD)
- پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP)
- پارتی سەوز
- پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD).
- پارتی دیموکراتی کریستیان (SCU)
- یەکێتی کریستیان دیموکرات (CDU)
- پارتی چەپی ئەڵمانیا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ