رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکی داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن، سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی رێکخراوی تیرۆر دەرنەهێنێت و دەڵێن، سوپای پاسداران بەرپرسە لە کوشتنی سەتان هاووڵاتیی ئەمریکی.
رۆژی دووشەممە 11-04-2022 سیناتۆر جۆن کەنەدی، سیناتۆری ویلایەتی لویزیانا، لەگەڵ 13 سیناتۆری دیکەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، نامەیەکیان پێشکێشی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد و ئاماژەیان بەوە داوە، ئەگەر سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەربکرێت، ناپاکیکردنە لە هاوبەشەکانیان، بەتایبەتیش وەکو خۆیان دەڵێن، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، هاوبەشەکانی ئەمریکا "خۆیان نیگەرانن لەوەی ئەمریکا هەبوونی خۆی لە ناوچەکەدا کەمدەکاتەوە" و هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت، ئێران دەستی بە سەرچاوەی دارایی دەگات و بۆ "تێکدانی سەقامگیریی" ناوچەکە لەڕێگەی هێزەکانی سەر بەوەوە بەکاریدەهێنێت.
ئەو 14 سیناتۆرە لە نامەکەیاندا بۆ بایدن ئاماژە بەوەش دەکەن، سوپای پاسداران هەوڵی کوشتنی سیاسەتڤانانی ئەمریکی لەنێو خاکی ئەمریکا دەدات و بە هەوڵی کوشتنی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات. دەشڵێن، سوپای پاسداران، "لەڕێگەی بەکارهێنانی گرووپە شیعەکانی سەر بە خۆیانەوە،" بەرپرسە لە کوشتنی زیاتر لە 600 سەربازی ئەمریکی لە عێراق.
لە کۆتایی نامەکەیاندا، سیناتۆرەکان داوا لە بایدن دەکەن، هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر رەتبکاتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا، بووەتە یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران. دانوستاندنەکان لەم هەفتانەی رابردوودا راگیراون و بەرپرسانی ئێرانیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە لە پرسی سوپای پاسداراندا، ئامادە نین هیچ سازشێک بکەن.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار دەکرد و لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا ئەو سزایانەی کە بەسەریدا سەپاندوون، کەمدەکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ