رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا هۆکاری هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەی رابردوو بۆ خراپی یاسای کۆنتڕۆڵی چەک لەو وڵاتە دەگەرێننەوە و دەڵێن، تاوەکو چەک لەدەستی خەڵک بێت رووداوی لەو شێوەیەش روودەدات. هەروەها هاووڵاتییان داوا دەکەن حکومەتی ئەڵمانیا تووندتربێت لەبارەی کۆنتڕۆڵی هەڵگرتنی چەک.
شەوی پێنجشەممەی رابردوو هێرشێک کرایە سەنتەرێکی ئایینی کە بووە هۆی کوشتنی هەشت کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. ئەوەش لیستی قوربانییانی هێرشە چەکدارییەکانی ئەو وڵاتەی زیاتر کرد.
دانیەل، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت، "دەبێت چەک لە دەستی خەڵکی نەهێڵدرێت، ئەو هێرشەی کە کرایە سەر ناوەندە ئایینییەکە و ئەوانەش کە بڕیارە بکرێن بەهۆی ئەو چەکانەوەیە کە خەڵک بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت پێیانە. ئێمە ترساوین."
بەگوێرەی ئاماری فەرمی، لە 10 ساڵی رابردوودا سەرووی 5.5 ملیۆن چەکی یاسایی لە دەستی 1.5 ملیۆن هاووڵاتی ئەڵمانیادا هەبوون.
ژمارەی چەکە نایاساییەکان نادیارە، بەڵام بە نزیکەی 25 ملیۆن چەک مەزەندە دەکرێن.
تاتجانا، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانییە و گوتی، "کاتێك لێرە بیت، بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر تۆ دەبێت، حکومەت دەڵێت، تووندترین یاسای تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی چەکم هەیە، کەواتە ئەم هێرشانە چۆن دەکرێن؟"
لە ئەڵمانیا ئەوەی تەمەنی 18 ساڵ و زیاتر بێت، هیچ مێژوویەکی ئەنجامدانی تاوانی نەبێت، مۆڵەتی وەرگرتنی چەکی پێ دەدرێت، بەڵام بە مەرجی سەلامەتی دەروونی، توانستی جەستەیی، دڵنیایی لە شێوازی کۆگاکردنی چەک، پێویستی و ئاستی متمانەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ