رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان جۆ بایدن و هاوتا چینییەکەی، باس لە گرنگیی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرەکیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە.
رۆژی 10ی ئەم مانگە و دوای 7ـی مانگ لە ئەنجامدانی یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنی، بایدن و شی جین پینگ، سەرۆکی چین دووەم پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئاسایی کۆشکی سپیدا، جێن ساکی رایگەیاند، جۆ بایدن و هاوتا چینییەکەی باسیان لە چەند مژارێك کردووە، لەنێویاندا کۆڤید-19 و سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە کە رووبەڕووبوونەوەی کاری پێشینەی ئیدارەی بایدنە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی، لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی بایدن پشتگیریی لە قۆناخی دووەمی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات کە لە چین ئەنجامدەدرێن بەمەبەستی گەیشتن بە سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
ساکی راشیگەیاند، ئیدارەی بایدن داوا لە چین دەکات لەو بوارەدا هاوکاریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکات و کارئاسانیی پێویست پێشکێش بکات.
سەبارەت بە ئەنجامدانی گفتوگۆی تایبەت لەنێوان بایدن و شی، جین ساکی گوتی، ئەمریکا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو جۆرە گفتوگۆیانە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە گرنگی ئەو گفتوگۆیانە کردووەتەوە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری وهانی چین بڵاوبووەوە، تائێستا لە 222 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.
سەرەتای ئەمساڵ پسپۆرانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چوونە شاری وهان و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە چین و سەردانی ناوچە جیاوازەکانی شاری وهانی چین، راپۆرتێکیان سەبارەت بە سەرچاوەی یەکەمی ڤایرۆسەکە بڵاوکردەوە. دەرەنجامەکەش ئەوەبوو، کە ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە لە گیانەوەرەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە، بەڵام دەرەنجامێکی زانستی پشتڕاستکراوەیان دەستنەکەوت.
ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی هەرزوو ئەو ئەنجامەی رەتکردەوە و لە مانگی ئایاریشەوە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە ئەمریکاوە لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرچاوەی یەکەمی ڤایرۆسەکە دەکرێت، بەتایبەت چونکە ئەمریکا هێشتا باوەڕی وایە ئەو ڤایرۆسە لە تاقیگەکانی چینەوە دزەی کردووە.
بەهۆی ئەو مشتومڕەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەیەوێت بۆ جاری دووەم بچێتەوە چین و لێکۆڵینەوە لەسەر هەمان بابەت بکات، بەڵام ئەمڕۆ هەینی حکومەتی چین ئەو داوایەی رێکخراوەکەی رەتکردەوە.
ما ژاوژو، جێگری وەزیری دەرەوەی چین، لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە چین دژی ئەو جۆرە "نیازە سیاسییەیە" و رێگە نادات بەو جۆرە لێکۆڵینەوە بکرێت، بەڵام کراوەشن بۆ بەدواداچوونی زانستی.
بەبڕوای چین داواکارییەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەهۆی گوشاری سیاسییەوە بووە، نەک گەڕانی زانستی. هەروەها پێشیانوایە ئەو توێژینەوەیەی لە سەرەتای ئەمساڵدا کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بەسە و بەگرنگی نازانن توێژینەوەی دیکە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ