رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئۆکراینا ئامادەیە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەست لەگەڵ رووسیا رابگەیێنێت". سەرۆکی ئۆکرایناش داوا لە ئەمریکا دەکات رووسیا بە ئاگربەستی 30 رۆژە رازی بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11-3-2025، شاندی ئەمریکا و ئۆکراینا لە شاری جەدەی سعودیە بە ئامادەبوونی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، زیاتر لە 8 کاژێر لە کۆبوونەوە دا بوون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا.
دوای کۆبوونەوەکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆکراینا جەخت لە وەستاندنی تەقە و دەست بە گفتوگۆکردن دەکاتەوە." دەشڵێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی رووسیایە، هیوادارین رووسیا بەڵێ بۆ ئاگربەستەکە بکات. ئەگەر نەیکات ئەو کات دەزانین کێ کۆسپی بەردەم ئاگربەستەکەیە."
لەدوای کۆبوونەوەکەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ئەمریکا کرد رووسیا بە ئاگربەستە 30 رۆژییەکە رازی بکات.
زیلینسکی گوتی، "ئۆکراینا پێشوازی لەم پێشنیارە دەکات، ئێمە بە ئەرێنیی دەبینینن و ئامادەین هەنگاوێکی لەم شێوەیە بنێن، ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەبێت رووسیا بەمە رازی بکەن."
دوای ئەوەی ئۆکراینا ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەست دەربڕی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ رووسیا قسە دەکات و رەنگە دووبارە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زیلینسکی بکاتەوە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش لەدوای داواکەی ترەمپ بۆ گفتوگۆ رایگەیاند، "داواکەی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لە چەند رۆژی داهاتوو دا رەتناکەینەوە."
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا 23ـی شوباتی 2022 دەستیپێکرد. جەنگەکە لێکەوتێکی گەورەی خستووەتەسەر دارایی، سوپا و ژیانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و کاری لە هەموو جومگەیەک کردووە. دوای سێ ساڵ لە جەنگی نێوانیان، ئێستا رۆشناییەک بۆ گەیشتن بە ئاشتی نێوانیان هەیە.
بەگوێرەی ئاژانسی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 12هەزار و 654 سڤیل، کە 669ـیان منداڵن، لە ئۆکراینا کوژراون. ئەمە جگە لە کوژرانی 46 هەزار سەربازی ئۆکراینی کە زیلینسکی پشتڕاستیکردووەتەوە. هەروەها دەشڵێت 90 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ