رووداو دیجیتاڵ
16ـەمین رۆژی هێرشی رووسیایە بۆسەر ئۆکراینا و بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بۆ یەکەمجار رووسیا هەردوو شاری لوتسک و دنیپرۆی بۆردوومان کرد. زێلێنسکیش رەتیدەکاتەوە ئەوان پەرەیان بە چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی دابێت لە وڵاتەکەیان وەکو رووسیا بانگەشەی کرد.
میدیای ئۆکراینی بەیانیی ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە کە دەنگی تەقینەوە و بۆردوومان لە هەردوو شاری لوتسک لە باکووری رۆژئاوای ئۆکراینا و دنیپەر لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بیستراون.
بەرپرسانی فریاگوزاریی شاری دنیپرۆ ئاماژە بەوە دەکەن، لە بۆردوومانەکەدا شوێنی سڤیل کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە. لە راگەیێندراوێکدا، خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی دنیپرۆ دەڵێت، بۆردوومانەکە لە رێگەی سێ مووشەکەوە بووە کە بەر باخچەیەکی ساوایان، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و کۆگایەکی پێڵاو کەوتوون.
ئەو دوو شارە پێشتر ئاگری شەڕیان پێنەگەیشتبوو. هەر بەیانیی ئەمڕۆ لە چەندین شاری ئۆکراینا خەڵک بە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە خەبەریان بووەوە. زەنگەکە مانای ئەوەیە ترسی بۆردوومان هەیە و خۆتان بشارنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 11-3-2022 ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و رەتیکردەوە وڵاتەکەی بە هاوکاریی ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بێت. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی رابردوو لە ئەنتاڵیا ئەو بانگەشەیەی کرد.
زێلێنسکی گوتی، بەهۆی ئەو بانگەشانەوە "ئێمە بەردەوام لەوە دڵنیادەبینەوە کە ئەگەر دەتانەوێت پلانەکانی رووسیا بزانن، سەیری ئەوە بکەن کە رووسیا ئەوانی دیکە بە چی شتێک تۆمەتبار دەکات." گوتیشی، "هیچ چەکێکی کیمیایی یان کۆمەڵکوژ لە نیشتمانەکەی من پەرەی پێنەدراوە."
لە ئۆکراینا چەند رێڕەوێکی مرۆیی بۆ دەربازبوونی خەڵک کراونەتەوە. زێلێنسکی گوتی، لە رۆژی پێنجشەممە توانیویانە 40 هەزار کەس رزگار بکەن. لە دوو رۆژی رابردووشدا ژمارەکە بۆ 100 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
تاوەکو ئێستا شاری ماریۆپۆڵ و ڤۆلنۆڤاخا بەتەواوی گەمارۆدراون. بەشێک لە بەرپرسانی فریاگوزاریش دەڵێن، ئەو جۆرە لە تەکتیکی رووسیا وادەکات خۆراک و کەلوپەل لەو ناوچانەدا نەمێنن.
بەپێی ئەو وێنە سەتەلایتییانەی بڵاودەکرێنەوە، سەربازانی رووسیا بەهێواشی بەرەو کیێڤ دەچن و لەنێو دارستانەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
کۆبوونەوەی لووتکەی یەكێتیی ئەوروپا لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و یەكێتییەکە بڕیاری "بە پەلە" ئەندامبوونی ئۆکراینایان لە یەکێتییەکە رەتدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 10-3-2022 کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆشکی ڤێرسای-ی فەرەنسا بەڕێوەچوو. ئەوەش لە کاتێکدایە کە فەرەنسا بۆ ماوەی شەش مانگ سەرکردایەتیی خوولی یەكێتییەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ