رووداو - هەولێر
جارێکی دیکە لە تارانی پایتەخت و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان ئەنجامدرا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە لە توویتێکدا نووسیویەتی "دەنگی گەلی ئێران روونە و ئەوان بێزاربوون لە درۆ و گەندەڵیی سوپای پاسداران".
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە "گەلی ئێران بێزاربوون لە درۆ، گەندەڵی، بێتوانایی و دڕندەیی سوپای پاسداران لەژێر فەرمانی رژێمی کلیپتۆکراسیی عەلی خامنەیی".
پۆمپەیۆ هاوسۆزیی خۆی بۆ گەلی ئێران دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە "گەلی ئێران شایستەی داهاتوویەکی باشترن و ئێمە لەگەڵیانین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتەکانی لەگەڵ ڤیدیۆیەکی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی (شەممە 11-1-2020) تاران بڵاوکردووەتەوە؛ خۆپیشاندانەکانیش چەند شار و شارۆچکەیەکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتبووەوە.
بەشێک لە خۆپیشاندەرانی ئێران دروشمی جیا لە خۆپیشاندانەکانی ماوەی رابردوویان بەرزکردبووەوە، لەنێویاندا داوای "دەستلەکارکێشانەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران" دەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران لە 3-1-2020، گەیشتنە لووتکە. رۆژی 8-1-2020یش فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە تاران بە 176 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و ئەمڕۆ 11-1-2020 ئێران دانی بەوەدا نا کە بە مووشەک خراوەتەخوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ