فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان: ئەمساڵ 67 رۆژنامەڤان لە جیهاندا کوژراون

10-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان دەڵێت، لە ساڵی 2022دا 67 رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیا لە جیهاندا کوژراون. بەوەش وەکو خۆی دەڵێت، کوژرانی رۆژنامەڤانان بەراورد بە ساڵی رابردوو 40٪ زیادیکردووە. 
 
رۆژی هەینی 9ـی کانوونی یەکەمی 2022، فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەڤانان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ 67 رۆژنامەڤان کوژراون. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی ئاماری هەمان فێدراسیۆن، ساڵی رابردوو 47 رۆژنامەڤان کوژرابوون. 
 
فێدراسیۆنەکە، کە بنکەی سەرەکی لە برۆکسلی بەلجیکایە و نوێنەرایەتیی 600 هەزار رۆژنامەڤان لە سەندیکا و دامەزراوەکانی 140 وڵات دەکات، دەڵێت، ئێستا 375 رۆژنامەڤان لە جیهاندا بەهۆی کارەکەیانەوە لە زینداندان و بەرزترین ژمارە لە تورکیا، چین و میانمارن. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو 365 رۆژنامەڤان لە زینداندا بوون. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی فێدراسیۆنەکە، ئۆکراینا "مەترسیدارترین" وڵات بووە بۆ رۆژنامەڤانان، بەجۆرێک 12 رۆژنامەڤان تێیدا کوژراون. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. 
 
ئەنتۆنی بێلێنگەر، سکرتێری گشتیی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان دەڵێت: "بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژرانی رۆژنامەڤانان و ستافی دیکەی میدیایی جێی نیگەرانییە و زەنگێکی هۆشیارکردنەوەی حکومەتی وڵاتانە بۆ ئەوەی کار بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامەگەری بکەن کە ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە". 
 
بەگوێرەی فێدراسیۆنەکە، چین پلەی یەکەمی لە زیندانیکردنی رۆژنامەڤاناندا گرتووە، بەجۆرێک، ئەمساڵ 84 رۆژنامەڤان لەو وڵاتەدا زیندانیکراون. دوای چین، میانمار پلەی دووەمی گرتووە و 64 رۆژنامەڤان تێیدا زیندانیکراون. تورکیا بە بەندکردنی 51 رۆژنامەڤان پلەی سێیەمی گرتووە. لە ئێرانیش، کە لە مانگی ئەیلوولەوە بەر شەپۆلێکی خۆپێشاندان کەوتووە، 34 رۆژنامەڤان لە کاتی ئەرکەکەیاندا دەستگیرکراون. لە بێلاڕووسیش 33 رۆژنامەڤان بەندکراون. دوای ئەوەش بە 23 رۆژنامەڤان، میسر دێت و دواتریش رووسیا کە 29 رۆژنامەڤانی بەندکردووە. راپۆرتەکە دەشڵێت، لە سعودیە 11 رۆژنامەڤان، لە یەمەن 10، لە سووریا 9 و لە هیندستانیش 7 رۆژنامەڤان ئەمساڵ بەندکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە