جیهان
یەکێک لەو کەشتییە جەنگیانەی لە رووسیا لە رێگەی تورکیاوە رەوانەی دەریای رەش کراوە. وێنە: Ozan KOSE / AFP
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا سێ کەشتی دیکەی جەنگی بۆ مەبەستی ئەنجامدانی مانۆری سەربازی رەوانەی دەریای رەش کرد، بەمەش ژمارەی کەشتییە جەنگییەکان بوونە 6 کەشتی، سێ کەشتی ئەمدواییە لە رێگەی گەرووی دەردەنێل و بۆسفۆر لە تورکیا پەڕینەوە.
ئەمریکا دەڵێت هەڕەشەی ئەمجارەی رووسیا لەسەر ئۆکراینا لە ماوەی 10 ساڵی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە هەموو کاتێک زیاتر و گەورەترە.
پێنتاگۆن 3000 سەرباز رەوانەی هەریەک لە وڵاتانی رۆمانیا و پۆلەندا دەکات، دوێنێ پۆلێک سەربازی ئەمریکی گەیشتنە رۆمانیا، بڕیارە تاوەکو رۆژی شەممەش لانیکەم 1700 سەرباز بگەنە پۆلەندا.
ئەمریکا دەڵێت ئامانج لە ناردنی ئەو سەربازانە دروستکردنی قەلخانێکە بۆ پارێزگاریکردن لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
کۆشکی سپی هۆشداریداوە لەوانەیە لە هەر کات و ساتێکدا جەنگێکی کراوە لە دژی ئۆکراینا رووبدات، ئەمریکا داوای لە دیپلۆماتکارەکانی کردووە ئۆکراینا بەجێبهێڵن.
رووسیا دەڵێت نیازی داگیرکردنی ئۆکراینای نییە، بەڵام لەولاشەوە داواکاری هەن، کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەوە هەیە، رووسیا دەڵێت ناتۆ بەرەو رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەڵدەکشێت کە ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان لێکدەدەنەوە، هاوکات داوادەکەن ئۆکراینا نەبێتە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ، دوو داواکاری بەرچاو کە وڵاتانی رۆژئاوا بە ئەمریکاشەوە تاوەکو ئێستا ئامادەنین بە ئاشکرا سازشی لەسەربکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ