پاسپۆرتی عێراق بە دووەم خراپترینی ساڵی 2023 دادەنرێت

10-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاسپۆرتی عێراق دووەم خراپترینی جیهانە بۆ ئەمساڵ، ئەمە بە گوێرەی دامەزراوەیەکی بەریتانی کە تایبەتە بە گەشتوگوزار و نیشتەجێبوون. 
 
کۆمپانیای هێلێنی کە پێگەی سەرەکی لە لەندەنە، ریزبەندی باشترین و خراپترین پاسپۆرتی جیهانی بڵاوکردەوە. ریزبەندییەکە 199 وڵات و ناوچە لەخۆدەگرێت کە بە گوێرەی ئەو وڵاتانەی دەتوانن بێ ڤیزە گەشتیان بۆ بکەن، پلەبەندکراون. عێراق لە پلەی پێش کۆتایی دێت و هەڵگری پاسپۆرتەکەی دەتوانێت بێ ڤیزە سەردانی 29 وڵات و ناوچە بکات. 
 
بە گوێرەی لیستەکە، تەنیا پاسپۆرتی ئەفغانستان لەوەی عێراق خراپترە کە بێ ڤیزە لە 27 وڵات و ناوچە پێشوازی لە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە دەکرێت. 
 
ئەمە پێنج ساڵە لەسەر یەک پاسپۆرتی عێراق لە ریزبەندی دووەم خراپترینی جیهانە؛ ساڵی 2018ـەش لەگەڵ ئەفغانستان یەکەم خراپترین پاسپۆرتی جیهانیان هەبوو. 
 
ژاپۆن لە پلەی یەکەمدا دێت کە پاسپۆرتەکەی لە 193 وڵات پێویستی بە ڤیزە ناکات، لە کاتێکدا کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی دەتوانێت بێ ڤیزە تەنیا سەردانی ئەم وڵاتانە بکات: ئێران، لوبنان، هایتی، ماڵدیڤز، دۆمینیکا، کەمبۆدیا، مۆریتانیا، مالیزیا، سریلانکا، ماکاو، تیمۆری رۆژهەڵات، توڤالوو، ساماو، نیووەی، دوورگەکانی پاڵاو، مایکرۆنیزیا، دوورگەکانی کووک، دوورگەکانی کەیپڤەرد، دوورگەکانی کۆمۆرس، گینێ بیساو، ماداگاسکار، مۆریتانیا، مۆزەنبیق، رواندا، سەنیگال، سیشێڵ، سۆماڵ، تۆگۆ و ئوگەندا. 
 
پاسپۆرتی سووریا یەک پلە لە عێراق باشترە و هەڵگرەکەی دەتوانێت سەردانی 30 وڵات بکات. 
 
ریزبەندیی 199 وڵاتەکە لە یەکەوە دەڕوات تاوەکو 109، چونکە هەندێک پلە لە لایەن کۆمەڵێک وڵاتەوە پێکەوە بەدەستهێندراون، بۆ نموونە، سەنگاپوور و کۆریای باشوور پێکەوە لە ریزبەندی دووەم؛ ئەڵمانیا و ئیسپانیا لە پلەی سێیەم، فینلاند، ئیتاڵیا و لوکسمبۆرگیش پێکەوە لە ریزی چوارەم دێن.  
 
ئێرانیش لەسەر ئاستی وڵاتەکان لە ریزبەندی 99 دێت و خاوەنی پاسپۆرتەکەی دەتوانێت سەردانی 43 وڵات و ناوچە بێ ڤیزە بکات. تورکیا پلەی 52ـی گرتووە و هەڵگری پاسپۆرتەکەی دەتوانێت بێ ڤیزە گەشت بۆ 110 وڵات و ناوچە بکات.  
 
باشترین پاسپۆرتەکان و ژمارەی ئەو وڵات و ناوچانەی داوای ڤیزای لێ ناکەن:
 
1- ژاپۆن (193)
2- سەنگاپوور و کۆریای باشوور (192)
3- ئەڵمانیا و ئیسپانیا (190)
4- فینلاند، ئیتاڵیا و لوکسمبۆرگ (189)
5- نەمسا، دانیمارک، هۆڵەندا و سوێد (188)
6- فەرەنسا، ئایسلاند، پۆرتوگال، بەریتانیا (187)
7- بەلجیکا، چیک، نیوزیلاند، نەرویج، سویسرا و ئەمریکا (186)
8- ئوسترالیا، کەنەدا، یۆنان، ماڵتا (185)
9- هەنگاریا و پۆڵەندا (184)
10- لیتیوانیا و سلۆڤاکیا (183)
 
خراپترین پاسپۆرتەکان:
 
1- ئەفغانستان (27)
2- عێراق (29)
3- سووریا (30)
4- پاکستان (32)
5- یەمەن (34)
6- سۆماڵ (35)
7- نیپاڵ و فەڵەستین (38)
8- کۆریای باکوور (40)
9- کۆنگۆ، لوبنان، سریلانکا و سوودان (42)
10- ئێران (43)

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە