وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لێخۆشبوونمان بۆ عێراق دەرنەکردووە کە قەرزەکانی رووسیا بداتەوە

09-08-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن
نیشانەکردن ئەمریکا رووسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا لێخۆشبوونی بۆ دانەوەی قەرزەکانی رووسیا لەلایەن عێراقەوە دەرنەکردووە و، "سزاکانی سەر کۆمپانیا رووسییەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە."
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ـی ئابی 2023) بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن راگەیاند "ئێمە لێخۆشبوونمان بۆ دانەوەی قەرزەکان دەرنەکردووە. ئێمە بەردەوامین لەسەر جێبەجێکردنی هەموو سزاکانمان لەسەر رووسیا. هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە کاری کۆمپانیا رووسییەکان نەهاتووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هێوربوونەوەی دۆخی ئۆکراینا نیشان نەداوە و نەیویستووە دەست بە گفتوگۆ بکات بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، ئەوەش وایکردووە، سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا رووسییەکان بەردەوام بن. 
 
میلەر گوتی "رووسیا دابینکارێکی جێمتمانەی وزە نییە و بەردەوام ئەو وڵاتە بییانییەی کە پشت بە سەرچاوەی وزە رووسیا دەبەستن بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی کرێملن دروست بکات".
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر رووسیادا سەپاند، کە بەهۆی ئەو سزایانەوە، وڵاتان ناتوانن وەکو پێشوو مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیادا بکەن و پارە بۆ کۆمپانیاکانی رووسیا و بانکەکانی رووسیا بنێرن، ئەمەش گەورەترین کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکرد، کە قەرزێکی زۆری ئەو کۆمپانیایانەی لایە.
 
وەبەرهێنانی کۆمپانیا رووسەکان لە عێراق بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیایانە لە کەرتی وزەدا کاردەکەن.
 
حکومەتی عێراق چەندجارێک داوای لە ئەمریکا کردووە، هاوشێوەی ئێران لێخۆشبوون بۆ قەرزەکانی رووسیاش دەربکات، بەتایبەتیش کاتێک لە مانگی شوبات، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و لە نێویاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە.
 
عراق بە بەرپرسانی ئەمریکای راگەیاندووە، ئەم قەرزانە هی پێش هێرشەکانی رووسیان بۆ سەر ئۆکراینا، هاوکات بە نەدانەوەی، قەبارەی قەرزەکان لەسەر عێراق زیاتر دەبن، بۆیەش داوا لە واشتن دەکەن لێخۆشبوون بۆ ئەو قەرزانە دەربکات، بەڵام واشنتن تاوەکو ئێستا بەهەموو شێوەیەک ئەو داوایەی عێراقی رەتکردووەتەوە.

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: 

رووداو: لەوانەیە ئاگاداری ئەوە بیت کە کۆمپانیا رووسییەکان هێشتا لە عێراق چالاکن و ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە و بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، عێراق ناتوانێت پارەی کۆمپانیاکانی رووسیا بدات، من ئاگاداری ئەوەم کە لە شوباتەوە حکومەتی عێراق لە پەیوەندییەکی نزیکدان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی جۆرێک لە لێخۆشبوون بەدەستبهێنن و قەرزەکانی رووسیا بدەنەوە. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئایا ئێوە لێخۆشبوونتان بۆ عێراق دەرکردووە کە قەرزەکانی رووسیا بداتەوە؟ کاردانەوەتان چییە بەرامبەر بەو کۆمپانیا رووسیانەی هێشتا لە عێراق چالاکن؟
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێش هەموو شتێک، نەخێر، ئێمە لێخۆشبوونمان بۆ دانەوەی قەرزەکان دەرنەکردووە. ئێمە بەرەوامین لەسەر جێبەجێکردنی هەموو سزاکانمان لەسەر رووسیا. هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە کاری کۆمپانیا رووسییەکان رووینەداوە؛ ئێمە بە تووندی دژی دنەدان و داگیرکارییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا دەوەستینەوە، وەک دەزانن کە رووسیا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نیشان نەداوە و نەیویستووە دەست بە گفتوگۆی جیددی بکات، هەر بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی سزاکانمان، لەنێویاندا کەمکردنەوەی ئەو داهاتەی کە [رووسیا] لە کەرتی گاز بەدەستیدەهێنیت، لە کۆتاییدا، ئەوە دەڵێم کە رووسیا دابینکارێکی جێمتمانەی وزە نییە و بەردەوام ئەو وڵاتە بییانییەی کە پشت بە سەرچاوەی وزە رووسیا دەبەستن بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە بە ئاراستە بەرژەوەندییەکانی کرێملن دروست بکات. قسەی کۆتاییشم ئەوەیە، نەخێر، ئێمە گۆڕانکاریمان لە سزاکاندا نەکردووە. 
 
رووداو: ئایا ئێوە هیچ سنووردارییەک بۆ حکومەتی عێراق دادەنێن لە کاتێکدا ئەوان [حکومەتی عێراق] رێگە بە کۆمپانیا رووسیەکان دەدەن کە لە وڵاتەکەیاندا چاڵاک بن؟
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی هەموو سزاکان، بەڵام جگە لەوە من لێرە هیچ کردارێکی تایبەت ناخەمەڕوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.