هۆشداریی سەرۆکی CIA: پووتین تووڕە و بێتاقەتە و چەند هەفتەیەکی سەخت بەڕێوەن

09-03-2022
بڕوا کیانی @brwakyani
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا - سی ئای ئەی رایگەیاند، ئەنجامەکانی هێرشی رووسیا تاوەکو ئێستا لە ئاستی چاوەڕوانیی پووتیندا نەبووە، بۆیە باوەڕی وایە هێرشەکانی زیاتر بکات و "گوێ بە قوربانیی خەڵکی سڤیل نەدات."
 
ولیام جەی بێرنز، سەرۆکی سی ئای ئەی رۆژی سێشەممە 8-3-2022 لە لیژنەی هەواڵگریی کۆنگرێسی ئەمریکا باسی لە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کرد. رایگەیاند، "هەستدەکەم کە ئێستا پووتین تووڕە و بێتاقەتە، بۆیە لەوانەیە تواناکانی دووهێندە بکات بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئۆکراینا بەبێ لەبەرچاوگرتنی قوربانییانی سڤیل."
 
سەرۆکی سی ئای ئەی لە ساڵانی 2005 تاوەکو 2008 وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە رووسیا کاریکردووە و وەکو دەڵێن، کەم کەس هەیە هێندەی ئەو پووتین بەباشی بناسێت. 
 
بە گوتەی بێرنز پووتین پلانی هێرشەکەی لەسەر چوار "گریمانەی هەڵە" داناوە کە ئەوانیش بریتبوون لە: 
 
- ئەو وابیریکردەوە کە ئۆکراینا لاوازە.
 
- وایدەزانی ئەوروپا لێکدابڕاون و پێکەوە وەڵامێکی بەهێزی نادەنەوە.
 
- وا هەستی دەکرد کە ئابووریی رووسیا ئامادەیە بۆئەوەی بەرگەی سزاکان بگرێت.
 
- لە خەیاڵی خۆیدا وایدەزانی کە سوپای رووسیا نوێکراوەتەوە و بە باشی شەڕ دەکەن.
 
بێرنز لەکاتی قسەکانیدا گوتی، پووتین لە هەموو ئەو گریمانانەدا بەهەڵەداچوو. 
 
پێشبینیی هەواڵگری
 
بێرنز پێشبینیی خۆی خستەڕوو کە پووتین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی زیاتر دەکات، لەکاتێکدا ئۆکراینییەکانیش بەتووندی بەرگری دەکەن. ئەنجامی ئەمەش وەکو سەرۆکی سی ئای ئەی دەڵێت، "چەند هەفتەیەکی مەترسیداری" شەڕ و پێکدادانە بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانی ئۆکراینا لەنێویاندا کیێڤی پایتەخت. 
 
توانای سەربازیی رووسیا بە گوتەی بێرنز تاوەکو ئێستا "کاریگەر" نەبووە، چونکە پلانەکە وابووە کە لە دوو رۆژی یەکەمدا دەستبەسەر کیێڤدا بگرن، بەڵام ئەوە دوو هەفتە تێپەڕیوە و هێشتا بەتەواوی شارەکەی گەمارۆ نەداوە. 
 
ئامارەکانی جەنگەکە
 
بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئەمریکا بڵاویاندەکاتەوە، رووسیا هێزێکی زۆری لە جەنگەکەدا لەدەستداوە. 
 
لە هەفتەی رابردوو وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە کە 498 سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 1600 سەربازیشیان برینداربوون. 
 
لە لایەکی دیکەوە جەنەراڵ سکۆت بێریەر، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، باشترین خەمڵاندنی ئەو بۆ دۆخەکە بەپێی زانیارییەکانیان ئەوەیە کە ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی رووسیا لەنێوان دوو بۆ چوار هەزار کەسدایە. 
 
هاوکات ئەڤرێڵ هەینس، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو تاوەکو ئێستا روون نییە کە پووتین لەسەر پلانەکەی بۆ گرتنی تەواو یان بەلانی کەمەوە زۆربەی شارەکانی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت یان نا، بەڵام بە قورسی زانی بۆ رووسیا کە بتوانێت ئەو ناوچانە لە ئۆکراینا کۆنترۆڵبکات و رژێمێکی پڕۆ رووسی لە کیێڤ دابمەزرێنێت. 
 
لێرەدا جارێکی دیکە بێرنز قسەی کرد و گوتی، وا دەرناکەوێت کە پووتین پلانێکی هەبێت بۆ دوای ئەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی ئۆکراینا کۆنترۆڵ دەکەن. 
 
رۆژی رابردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، ئێستا هیچ ئاماژەیەک نابینن کە رووسیا هێزی زیاتر بەرەو ئۆکراینا ببات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا