رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی لافاو و رۆچوونی زەوی لە نیپاڵ گیانیان لەدەستداوە بۆ نزیکەی 100 کەس بەرزبووەوە و دەیان کەسیش بێ سەروشوێنن.
بەرپرسانی وڵات دەڵێن، شەوی رابردوو تەرمی 14 کەسیان لەنێو دوو پاس لە نزیک شاری کاتماندوی پایتەخت دەرهێناوە، ئەوەش کاتێک بەرزاییەک هاتووەتە خوارەوە و لە هەردوو پاسەکەی داوە.
بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، لە شوێنێکی دیکەی نزیک پایتەخت لە هەوڵی دەرهێنانەوەی تەرمی هاووڵاتیاندان لەنێو پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا، ئەوەش بەهۆی کەوتنە خوارەوەی بەرد لە بەرزاییەکەوە.
بەهۆی کەوتنە خوارەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرد بە بەرزاییەکانەوە بۆ سەر رێگەکان، کاتماندوی پایتەخت لە بەشی زۆری شار و شارۆچکەکانی دیکەی وڵات دابڕاوە. بەرپرسان دەڵێن، سێ رێگەی سەرەکی بەستنەوەی پایتەخت بە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەوە بە تەواوی گیراون.
ئەو لافاوەی نیپاڵی گرتوەتەوە زیانی زۆر گەورەی بە کاتماندو گەیاندووە. تەنیا رۆژی شەممە 34 کەس لەو شارە بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا.
حکومەت دەوامی زانکۆ و قوتابخانەکانی بۆ سێ رۆژ راگرتووە و هەموو هەوڵەکانی خستوەتەگەڕ بە مەبەستی یارمەتیدانی خەڵکی لەو دۆخەی وڵاتەکەی گرتوەتەوە.
بارینی بارانی بەخوڕ رۆژی هەینی دەستی پێکرد و شەوی رابردوو کەمبووەوە، بەڵام بارانبارین تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.