رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی رووسیا دەڵێت، بەشار ئەسەد و خێزانەکەی گەیشتوونەتە مۆسکۆ.
بەگوێرەی میدیای رووسیا، کرێملن بڕیاری داوە مافی مانەوە بە بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی بدرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆنترۆڵیان کرد. بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هات.
بەشار ئەسەد بە فڕۆکەیەکی تایبەت دیمەشقی بەجێهێشت. کرێملن رایگەیاند، گەیشتووەتە مۆسکۆ و داوای مافی مانەوەی کردووە.
رۆژی 25-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە پارێزگەی ئیدلیبەوە، بە ئاراستەی رۆژئاوای حەلەب هێرشیان کرد و دوای دوو رۆژ شارەکەیان گرت. دواتر شار بە شاری سووریایان راماڵی و توانییان هەریەک لە: حمس، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە کۆنترۆڵ بکەن.
ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی هەتەشە چووە نێو مزگەوتی ئومەوی و لەبەردەم هەزاران کەس رایگەیاند: "ئەسەد سووریای کردە گۆڕەپانی تەماعکاری ئێران."
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، لە 11 رۆژی رابردووی شەڕ و پێکدادانی سووریا؛ 910 کەس کوژراون، لەنێویاندا 138 کەس سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ