ژنانی چین رۆڵی بەرچاویان لە گەشەسەندنی وڵاتەکەیاندا هەیە

08-03-2024
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
بازاڕێکی چین. وێنە: رووداو
بازاڕێکی چین. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چینیش وەک زۆربەی شوێنەکانی دیکەی جیهان، ژنان هاوشانی پیاوان کاردەکەن و رۆڵی بەرچاویان لە گەشەسەندنی وڵاتەکەیاندا هەیە.
 
یوان بۆ، بە 40 ساڵ تەمەنەوە نزیکەی 20 ساڵە لە کۆمپانیای بیمەی ئۆتۆمبێل کاردەکات. ئەمڕۆ کە رۆژی جیهانیی ژنانە، دڵخۆشە کە کۆمپانیاکەی نیوڕۆژ پشووی پێداوە.
 
ئەو بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ رۆژێکی خۆش و تایبەتە، رۆژی خانمانە، کۆمپانیاکەمان نیو رۆژ پشووی پێداوم، هەروەها بەخشیشێکی گەورەش. لە چین کۆمپانیاکان بیمە بۆ هەموو کەسێک دەکەن بە ژنانیشەوە، ئێمە خزمەتگوزاری بیمە پێشکێش بە کڕیارەکانمان دەکەین، هەروەها نزیکەی 130 کەس لەگەڵم کاردەکەن لەم پێشانگەیەدا".
 
یوان بۆ لەبارەی وڵاتەکەیەوە گوتی، "زۆر شانازی دەکەم کە لەم وڵاتە لەدایکبووم و شانازی بەوە دەکەم کە ژنێکی چینیم. لە چین هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو لە کارکردندا نییە. بە پێچەوانەوە لە چین ژنان زیاتر پشوویان هەیە، وەک ئەمڕۆ ژنان پشووی نیو رۆژیان هەیە. لە رۆژی ئافرەتان هیوای رۆژێکی خۆش بۆ هەموو خانمانی جیهان دەخوازم".
 
لە چین ژنان شان بە شانی پیاوان لە هەموو دام و دەزگەکان بێ جیاوازی ماف و داهات کاردەکەن و دەستووری ساڵی 1982ی کۆماری میللی چین، مادەی 33 بنەمای یەکسانی هەموو هاووڵاتیانی لەبەردەم یاسادا چەسپاندووە. لە رۆژی جیهانی ژنان ژنانی چینی گوڵ و پارە بە دیاری وەردەگرن لە لایەن خۆشەویستانیان یان شوێنی کارکردنیان.
 
 
تانگ کیو مین، شۆفێری تاکسیە و دەڵێت، "لەم رۆژەدا، ئێمەی ژنان بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ هاوڕێکانمان دەچینە دەرەوە، کۆدەبینەوە، دەچینە بازاڕکردن، نان دەخۆین و قسە دەکەین، هەروەها پیاوەکەم دیاریم بۆ دەکڕێت".
 
690 ملیۆن ژن لە چین هەن، کە  رێژەی 48.99ی کۆی دانیشتوانی وڵاتەکە دەکات.
 
بۆ ساڵی 2023 ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا لە چین لەسەدا ٦١.٠٨ بووە. ئافرەتان شان بە شانی پیاوان لە هەموو سێکتەرەکان کاردەکەن بێ جیاوازی، ئافرەتان لە مال و شوێنی کاریش زیاتر روول دەگێرن و بە هێزتر لە پیاوان دەردەکەون. 
 
ما چاو، پیاوێکی چینییە و دەڵێت، "لە چین قسەیەکی کۆن هەیە، کە ژن نیوەی ئاسمان لەخۆدەگرێت، ئەم وتە کۆنە دەیسەلمێنێت کە لە چین ژن و پیاو یەکسانن. خانمان لە چین دەتوانن هەر شێوازێکی ژیان یان هەر کارێک هەڵبژێرن، هەروەها ئێستا لە رۆژی خانمان ئەوان دەتوانن پشوویەکی یەک رۆژییان هەبێت، ئەم پشووە تەنیا بۆ خانمانە".
 
هەرچەندە لە کولتووری کۆنی چینییەکاندا ژن زیاتر روڵی بەخێوکردنی منداڵ و خزمەتی پیاوەکەی و ماڵەوەی بینیوە، بەڵام ئێستا لە جیهان ژنی چینی بە ژنی زیرەک، سەربەخۆ و سەربەست و کارامە دەناسرێن. لە چین بە یاسا لە رووی ئابوری و یاسایی و کولتوورییەوە ژنان یەکسانن بە پیاوان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دۆناجین ویڵد لەکاتی تۆمارکردنی ریکۆردەکەی

ژنێکی 59 ساڵان ریکۆردی زۆرترین شناوی شکاند

دۆناجین ویڵد، تەمەنی 59 ساڵە و خەڵکی پارێزگەی ئەلبێرتای کەنەدایە، توانی ریکۆردی زۆرترین شناو لە کاژێرێکدا بۆ ژنان لە کتێبی گینس بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات. ویڵد هەزار و 575 شناوی لە کاژێرێکدا لێدا.