بەشێک لە هاووڵاتییانی بەریتانی داواکاری پێشکێش دەکەن بۆئەوەی لە رووسیا هاوسەرگیری بکەن

08-03-2022
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە رووسیا رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی بەریتانی داوای بەڵگەنامەی "CNI" دەکەن و بەهیوان لە رووسیا هاوسەرگیری بکەن.
 
بەڵگەنامەی "CNI" لە بەریتانیا بەڵگەنامەیەکی تایبەتە بەو کەسانەی کە هاوسەرگیری یان هاوبەشیی سڤیل دەکەن و هەندێکجار کاتێک کەسێکی هەڵگری ناسنامەی بەریتانیا بیەوێت لە دەرەوەی ئەو وڵاتە رێوڕەسمێک رێکبخات، پێویستی دەبێت.
 
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، "باڵیۆزخانەکەمان ئێستا لەلایەن هاووڵاتییانمانەوە داواکارییەکی زۆری بەڵگەنامەی CNIی لەسەرە بەو هیوایەی لە رووسیا هاوسەرگیری بکەن".
 
لە راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە رووسیا هۆشداری دراوە لەوەی کە بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی CNI بەو مانایە نایەت کە خاوەنی ئەو بەڵگەنامەیە، کە ژیانی هاوژینیی لەگەڵ بەریتانییەک پێکهێناوە، شیاویی چوونە نێو خاکی بەریتانیای هەبێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو بیانییانەی خوازیاری هاتنە نێو بەریتانیان دەبێت داوای ڤیزای بەریتانی بکەن لەڕێگەی لینکی تایبەتەوە [کە دەبێت فۆڕم پڕبکەنەوە]".
 
ئەو هاووڵاتییە بەریتانیانەی کە ئەندامانی خێزانەکانیان لە رووسیایە و ئێستا داوای ڤیزای بەریتانی دەکەن، بەپێی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە رووسیا، دەبێت راستەوخۆ پەیوەندی بەو شوێنانەوە بکەن کە لێیانەوە نزیکن، بۆ ئەو مەبەستەش باڵیۆزخانەکە لە پەیجی فەرمییەوە لە فەیسبووک چەند لینکێکی خستوونەتەڕوو.
 
پێشتر چەند وڵاتێک داوایان لەو هاووڵاتییانەیان کرد کە لە رووسیا نیشتەجێن، ئەگەر کاری زۆر پێویستیان نییە، ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە