جیهان
دانیشتنی پەرلەمانی کۆریای باشوور بۆ دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی وڵاتەکە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی کۆریای باشوور لەسەر دەنگدان بۆ متمانەسەندنەوە لە سەرۆکی وڵات کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار، سەرکەوتوو نەبوون.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند؛ دەسەڵاتی مەدەنیی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. هەروەها سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن.
بڕیارەکە ناڕەزاییەتیی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە.
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیریکردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد.
ئەمڕۆ، پەرلەمانی وڵاتەکە لەسەر داوای پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە.
پەرلەمانی کۆریای باشوور لە 300 ئەندام پێکدێت. بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی وڵات پێویستیان بە 200 دەنگ بوو، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی نزیکەی هەموو ئەندامانی پارتی دەسەڵات، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەیانتوانی متمانە لە سەرۆک بستێننەوە.
پارتی هێزی گەل کە پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیە 108 ئەندام پەرلەمانی هەیە و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش 174 ئەندامیان هەیە.
یوون سووک شیک، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاند، "رێژەی پێویستی ئەندامانی پەرلەمان ئامادە نەبوو کە دوو لەسەر سێییە، بۆیە نەتوانرا متمانە لە سەرۆک بسەندرێتەوە."
پارتی دەسەڵاتیش دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "لەبەرئەوە دانیشتنەکەمان بایکۆت کرد، چونکە نەماندەویست پشێویی زیاتر لە وڵاتەکە دروست ببێت."
پارتی دەسەڵات هەروەها گوتی، "قەیرانەکە بەشێوەیەکی ریکخراو و بەرپرسیارانە" چارەسەر دەکەن.
بەڕێوەنەچوونی دانیشتنەکە، 150 هەزار کەسی نائومێد کرد کە بە گوێرەی پۆلیس لەدەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان ئامادەبوون و چاوەڕێی سەندنەوەی متمانە بوون لە سەرۆکی وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ