مێتا سیستمی نوێ بۆ دیاریکردنی راستیی پۆستەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام دادەنێت

دوێنێ کاژێر 06:02
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مێتا بڕیاریداوە واز لە بەکارهێنانی لایەنی سێیەم بهێنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی راستیی ئەو بابەتانەی لە پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاودەکرێنەوە، لەبری ئەوە پشت بە کۆمێنتی خەڵک دەبەستێت بۆ دیاریکردنی راستی و دروستیی بابەتەکان. 
 
ستایلی پشتبەستن بە قسەی خەڵک، ئێستا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیڕەو دەکرێت و پێی دەگوترێت (community notes).
 
مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا دەڵێت، سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین "ئێستا کاتی ئەوەیە بۆ رەگ و ریشەی خۆمان بگەڕێینەوە."
 
جۆیل کاپلان، سەرۆکی کاروباری جیهانیی کۆمپانیای مێتا دەڵێت، پشتبەستنی کۆمپانیاکەیان بە نێوەندگیرە سەربەخۆکانیان "بە نیازێکی باش" بووە، بەڵام سنووری خۆی تێپەڕاندبوو.
 
سەرۆکی کاروباری جیهانیی کۆمپانیای مێتا ئاماژە بەوەش دەکات، "زۆر بابەتی بێ زیان سانسۆر دەکرێن،" باسی لەوەش کردووە کە زۆرجار سیاسەتەکانیان بووەتە هۆی رێگری لە ئازادیی رادەربڕین.
 
ئەو سیستمەی کە مێتا بەنیازە پەیڕەوی بکات، سیستمی "community notes"، بڕیارە سەرەتا لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئەمریکا جێبەجێ بکرێت، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکە باسی وڵاتانی دیکەی نەکردووە کە سیستمەکەی تێدا کارا بکات.
 
سیستمەکە، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس چالاکە، مێتا باس لەوە دەکات کە لەو سیستمەدا، خەڵکانێک کە بیروڕای جیاوازیان هەیە لەسەر هەندێک تێبینی هاوڕا دەبن و بڕیار لەسەر راستی و دروستی ئەو پۆستانە دەدەن کە مشتومڕ لەسەریان دروستدەبێت.
 
کۆمپانیاکە باس لەوە دەکات، ژمارەیەک لە بەربەست و سنووردارکردنەکانیان لەسەر بابەتەکانی وەکو کۆچبەری، بابەتی جێندەری و ناسنامەی جێندەری لابردووە، کە ببوونە بابەتی سیاسی و دیبەیتەکان، "شتێکی ناڕاستە کە لە تەلەڤیزیۆنەکان و کۆنگرێس هەندێک بابەت باسبکرێن و قسەیان لەسەر بکرێت، بەڵام لە پلاتفۆرمەکانی ئێمەدا رێگەیان پێنەدرێت باس بکرێن."
 
گۆڕانکارییەکان لەکاتێکدایە کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و کارگێڕەکانیان خۆیان بۆ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئامادە دەکەن، کە بڕیارە 20-01-2025 لە رێوڕەسمێکدا وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات.
 
پێشتر ترەمپ رەخنەی لە کۆمپانیای مێتا هەبوو و لە مانگی ئازاری 2024یش فەیسبووکی بە "دووژمنی خەڵک" ناوبرد.
 
بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان مارک زوکەربێرگ و دۆناڵد ترەمپ تاڕادەیەک بەرەو ئاساییبوونەوە رۆشتووە، ئەوەش دوای ئەوەی زوکەربێرگ لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو لە مارالاگۆ لە فلۆریدا بەشداریی لە خوانێکدا کرد کە ترەمپ رێکیخستبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە