ئەمریکا زیندانییەکانی گوانتانامۆ دەگەڕێنێتەوە و عێراقییەک داوای مانەوە دەکات

دوێنێ کاژێر 08:00
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەمریکا بڕیاریداوە زیندانی گوانتانامۆ چۆڵ بکات. 11 زیندانیکراوی خەڵکی یەمەنی گواستووەتەوە بۆ عومان و بڕیاریداوە ئەو 15 زیندانییەی دیکەش کە ماون بگەڕێنێتەوە. یەکێکیان زیندانییەکی تەمەن 63 ساڵانی عێراقییە و لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای کردووە لە گوانتانامۆ بمێنێتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7.1.2025، حکومەتی ئەمریکا بڵاویکردەوە، 11 زیندانیکراوی خەڵکی یەمەنی لە گوانتانامۆوە گواستووەتەوە بۆ عومان. 
 
زیندانی گوانتانامۆ
 
زیندانی گوانتانامۆ کەوتووەتە کەنداوی گوانتانامۆ، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە ساڵی 2002  کردیانەوە. زیندانەکە لە دەرەوەی خاکی ئەمریکایە و کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی کوبا. دەگوترێت هیچ یاسایەکی مافی مرۆڤی بەسەردا جێبەجێ ناکرێت. 
 
زیندانەکە دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری 2001 دروستکرا، تایبەتە بەو کەسانەی ئەندامی قاعیدەن و بە تایبەتی لە هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر تێوەگلاون.
 
کێن ئەوانەی لە گوانتانامۆوە گوێزراونەتەوە بۆ عومان و بۆچی لە زیندانن؟
 
لە کاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، 11 زیندانیکراو لە گوانتانامۆوە گوێزراونەتەوە بۆ عومان.
 
گوێزراوەکان ئەمانەن: عوسمان عەبدولڕەحیم محەممەد عوسمان، موەعیز هەمزە ئەحمەد، خالید ئەحمەد قاسم، سوهەیل عەبدولئەنم شەرابی، هانی ساڵح رەشید عەبدوڵڵا، تۆفیق ناسر عەواد بیهانی، عومەر محەممەد عەلی رەمە، سەناد عەلی ئیسلام کازمی، حەسەن محەممەد عەلی بیب عەتاش، شەرگاوی عەبدولعەلی حەج و عەبد سەلام حیلا.
 
ئەو بەندکراوانە دوای هێرشکردنە سەر باڵەخانەی بازرگانیی نیویۆرک لە 11 سێپتەمبەری 2001 دەستگیرکرابوون. بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، دوو لەو بەندکراوانە پاسەوانی تایبەتی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بوون. دووی دیکەیان بە شەڕکەر و نهێنیپارێزی بن لادن هەژماردەکران.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری گواستنەوەی ئەو زیندانییانە بۆ ئەو وڵاتەی کەنداو ئاشکرانەکراوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی عومان دەکات، لەبەرئەوەی هاوکاریی ئەو وەزارەتەی کردووە لە گواستنەوە و هێشتنەوەی زیندانیکراوەکان لە عومان. 
 
15 زیندانی لە گوانتانامۆ ماون
 
زیندانییەکان لە گزنگی بەیانیی رۆژی دووشەممە، لەژێر رێکارێکی ئەمنیی تووند گوێزراونەتەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئێستا 15 زیندانیکراو ماون. 
 
ئەو وەزارەتە دەڵێت، گواستنەوەی تۆفیق ناسر عەواد بیهانی لە ژێر رۆشنایی فەرمانی (13492)ی ساڵی 2009 کراوە.
 
فەرمانی (13492) لە ساڵی 2009 لەلایەن باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکاوە دەرکرا و تێیدا باسی "پێداچوونەوە و گۆڕانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە لە گوانتانامۆ دەستبەسەرکردن."
 
عێراقییەک داوا دەکات لە گوانتانامۆ بمێنێتەوە
 
عەبدولهادی عێراقی، تاکە عێراقییە لە زیندانی گوانتانامۆ، 20 ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراوە و پێشتر لە ئەفغانستان دژی ئەمریکییەکان شەڕی کردووە.
 
عێراقی، رۆژی هەینیی رابردوو لە رێی پارێزەرەکەیەوە هەوڵی راگرتنی بڕیاری گواستنەوەی لە زیندانی گوانتانامۆوە بۆ زیندانێکی عێراق داوە.
 
داواکارییەکەی کە پارێزەرەکانی پێشکێشیان کردووە، گفتوگۆکانی ئاشکرا کردووە کە ماوەیەکە بەڕێوەدەچن بۆ گواستنەوەی عەبدولهادی عێراقی بۆ ژێر چاودێریی حکومەتی عێراق، سەرەڕای ناڕەزایی خۆی و پارێزەرەکانی کە رایانگەیاندووە، دەکرێت رووبەڕووی مامەڵەی خراپ و چاودێریی پزیشکی ناتەواو ببێتەوە.
 
عەبدولهادی عێراقی کێیە؟
 
عەبدولهادی عێراقی زیاتر لە 20 ساڵە لە زیندانی گوانتانامۆ دەستبەسەرە. عەبدولهادی ناوی راستەقینەی نەشوان تەمیرە، بەتەمەنترین زیندانییە لەوێ. ئەو خەڵکی سنووری نەینەوایە و ئێستا تەمەنی 63 ساڵە.
 
لە ساڵی 1961 لە موسڵ لەدایکبووە، لە 1990 بۆ ئەوەی نەنێردرێت بۆ سەربازیی زۆرەملێ لە ریزەکانی سوپای عێراق، چووەتە ئەفغانستان. لە ساڵانی 2003 بۆ 2004 بەرپرس بووە لە چەندین هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان.
 
عەبدولهادی دەڵێت، بەتەمەنترین و نەخۆشترین زیندانییە لەوێ کە بڕبڕەی پشتی ئیفلیج بووە و شەش نەشتەرگەری لە بنکەکەدا بۆ کراوە.
 
لە ساڵی 2022، عەبدولهادی دانی بەوەدا ناوە کە تاوانی جەنگی کردووە و بەرپرسیارێتی کردەوەکانی هەندێک لە هێزەکانی ژێر فەرماندەیی گرتە ئەستۆ.
 
بەپێی دادگاییەکە، دەبێ تاوەکو ساڵی 2032 لە زیندان بمێنێتەوە.
 
پارێزەرەکانی دەڵێن، پلانی ئەمریکا بریتییە لەوەی حکومەتی عێراق لە زیندانی کەرخ لە دەرەوەی بەغدا جێگە بکاتەوە کە پێشتر زیندانێکی ئەمریکی بوو بە ناوی (کامپ کرۆپەر) و سەدان زیندانی لە ساڵانی رابردوودا تێیدا بوون.
 
پارێزەرەکانی: بڕوا ناکەین عێراق بتوانێت چاودێریی پزیشکی بۆ عەبدولهادی دابین بکات
 
پارێزەرەکان لە داواکارییەکەیاندا کە لە 27 لاپەڕە پێکهاتووە، دەڵێن: "بەهۆی تاوانبارکردنی لێرە [ئەمریکا] و ئەو کێشە بێژمارانەی کە سیستمی زیندانەکانی عێراق هەیانە، ناکرێت تەمر [عەبدولهادی عێراقی] لە زیندانێکی عێراقی بە سەلامەتی بژی." 
 
پارێزەرەکانی زیاتر دەڵێن: "جگە لەوەش، باوەڕ ناکرێت حکومەتی عێراق بتوانێت ئەو چاودێرییە پزیشکییە دابین بکات کە پێویستییەتی، لەکاتێکدا بەهۆی چاودێرینەکردنی پزیشکی وەکو پێویست، تەندروستی لە لە گوانتانامۆ خراپتر بووە".
 
داواکارییەکە هەوڵ دەدات رێککەوتنێک پووچەڵ بکاتەوە کە بەشێکە لە هەوڵی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی راگیراوەکان لە زیندانەکە پێش ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراو دۆناڵد ترەمپ پۆستەکەی وەربگرێت.
 
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا چوار زیندانی گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان، لەوانە دوو پیاوی مالیزی، کە وەکو عەبدولهادی عێراقی، دانیان بە تاوانی جەنگدا نابوو.
 
بە پێچەوانەی عەبدولهادی، هیچ کام لەم چوار پیاوە، لەوانە هاووڵاتییەکی تونسی و هاووڵاتییەکی کینی، ناڕەزاییان دەرنەبڕی لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
 
نازانرێت وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کەی عەبدولهادی رادەستی عێراق دەکات، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە 13ی کانوونی یەکەم کۆنگرێسی لە پلانەکە ئاگادار کردووەتەوە. 
 
ئەگەر ئیدارەی ئەمریکی پابەند بێت بە مەرجی یاسایی ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس پێش 30 رۆژ، دەکرێت لە کانوونی دووەمی 2025 لە گوانتانامۆ بگوازرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانوویەک لە هەرێمی تبتی چین بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی چینەوە بۆ 126 کەس بەرزبووەوە

تیمەکان لە هەرێمی تبتی چین بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانیانی بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی رابردوودا و تاوەکو ئێستا تەرمی 126 کەس لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکان دۆزراونەتەوە