رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ باس لە پەیوەندی نزیکی خۆی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات و دەڵێت، ئەردۆغان لەسەر داوای ئەو هێرشی نەکردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی سێشمەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژاردراوی ئەمریکا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و تێیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش کرد.
ترەمپ لە کۆنفرانسەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە هاوڕێی خۆی ناوبرد و گوتی، ئەردۆغان لەسەر داوای ئەو لە ساڵی 2019دا وازی لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان هێنا.
ترەمپ گوتی: "سەرۆک ئەردۆغان هاوڕێمە و کەیفم پێدێت. پێم وایە ئەویش رێزم دەگرێت. ئەو، ئەو کەسەیە کە وازی لە هەندێک کەسی دیاریکراو هێنا دوای ئەوەی داوام لێی کرد وازیان لێبێنێت، ئێوەش دەزانن باسی کێ دەکەم، کوردەکان."
ترەمپ راشیگەیاند، نازانێت تاوەکو کەی ئەو دۆخەی رەخساندوویەتی بۆ ئەوەی تورکیا هێرش نەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت و گوتی: "نازانم ئەوە تا کەی بەردەوام دەبێت، چونکە ئەوان [کورد و تورک] دووژمنی سرووشتی یەکدین، ئەوان رقیان لە یەکترییە، بەڵام ئەردۆغان تاوەکو ئێستا ئەوەی نەکردووە [هێرشەکەی نەکردووە]، هەروەها لە رابردووش ئەوەی نەکرد. ئەو دەستیپێکرد، بەڵام پێم گوتم، تکایە ئەوە مەکە و ئەویش نەیکرد."
لەبارەی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن دەستەی تەحریری شام، ترەمپ گوتی: "ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت لە سووریا روویدا، رووسیا بێهێز کرا، ئێران بێهێز کرا. هەروەها ئەویش [ئەردۆغان] کەسێکی زۆر زیرەکە و خەڵکی بە شێوە و ناوی جیاواز رەوانەی سووریا کرد. ئەوانیش چوونە ناوەوە و دەستیان بەسەردا گرت و شتەکە بەوشێوەیە بوو."
ترەمپ رەتیکردەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بداتەوە و گوتی، "ئەوە بەشێکە لە ستراتیژیی سەربازی".
ترەمپ لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا زیاتر قسەی کرد گوتی: "سەربازەکانمان سووریا و تورکیایان دەپاراست. ئێمە لەنێوانیان بووین [نێوان تورکیا و سووریا]. پێنج هەزار سەربازمان هەبوون، لەوێ لەنێوان دوو سوپادا سەرگەردان دەبووین. سوپایەکیان 300 هەزار کەسی بوو، ئەوی دیکەش 500 بۆ 600 هەزار کەسی بوو کە لە ئامادەباشیدابوون. ئێمە پێنج هەزار سەربازمان لەونێوانەدا هەبوو."
ترەمپ گوتی، "بە جەنەراڵێکم گوت، "پێنج هەزار کەس [سەرباز] لەو دۆخەدا دەتوانن چی بکەن؟" جەنەراڵەکە سەیری کردم و گوتی، "باش نییە، گەورەم، باش نییە". منیش سەربازەکانم کشاندنەوە. دەزانن چی روویدا؟ هیچ شتێک. رەخنەم لێگیرا. ئەوەی راستی بێت ژیانی پێنج هەزار کەسم رزگار کرد. ئێمە کارێکی نایابمان کرد و کاری نایابتریش دەکەین، چونکە ئێستا ئێمە ئەزموونێکی زۆر باشمان هەیە و خەڵکمان هەن کە دەتوانم پشتیان پێببەستم."
مانگی 10ـی ساڵی 2019 دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەهێڵێت و زووش سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی و داگیری کردن.
ئەو کارە رووبەڕووی رەخنەی بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی پارتی کۆماری و دیموکراتیش بووەوە.
دواتر بە بڕیاری ئیدارەی ترەمپ ئاگربەست راگەیێندرا.
دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ: تورکیا دوو هەزار ساڵە بە ناو و شێوەی جیاواز بەدوای ئەو وڵاتە [سووریا]ـەوەیە. ئەو کەسانەی چوونە نێوەوە، لە تورکیاوە چوون. سەرۆک ئەردۆغان هاوڕێمە و کەیفم پێی دێت، پێم وایە کە ئەویش رێزم دەگرێت. ئەو، ئەو کەسەیە کە وازی لە هەندێک کەسی دیاریکراو هێنا دوای ئەوەی داوام لێی کرد وازیان لێبێنێت، ئێوەش دەزانن من باسی کێ دەکەم، کوردەکان. نازانم ئەوە تا کەی بەردەوام دەبێت، چونکە ئەوەی ئەوان [کورد و تورک] دووژمنی سرووشتی یەکدین، ئەوان رقیان لە یەکترییە، بەڵام ئەردۆغان تاوەکو ئێستا ئەوەی نەکردووە [هێرشی نەکردووەتە سەر کورد]، هەروەها لە رابردووش ئەوەی نەکرد. ئەو دەستیپێکرد، بەڵام پێم گوتم، تکایە ئەوە مەکە و ئەویش نەیکرد. ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە سووریا روویدا، رووسیا بێهێز کرا، ئێران بێهێز کرا. هەروەها ئەویش [ئەردۆغان] کەسێکی زۆر زیرەکە و خەڵکی بە شێوە و ناوی جیاواز رەوانەی سووریا کرد. ئەوانیش چوونە ناوەوە و دەستیان بەسەردا گرت و شتەکە بەوشێوەیە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ