رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیارە لە 21ی مانگی شوباتی ئەمساڵ، تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت بەناوی "تروس سۆشیاڵ" و لە ئەپستۆری ئەپڵیش دەخرێتەڕوو.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی ترەمپ بەلای خۆیەوە دەبێتە جێگرەوەی توویتەر. هاوشێوەی توویتەر، ئەپڵیکەیشنەکە بژاردەی فۆڵۆوکردن دەداتە خەڵک و پۆستەکانیشی لە جیاتی توویتکردن ناودەنرێن "تروس" واتە راستەقینە.
هەنگاوەی ترەمپ دوای زیاتر لە ساڵێک لە قەدەخەکردنی پێگەکانی دێت لە فەیسبووک و توویتەر، کە لە 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 بەهۆی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، هەر دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە پێگەکانی ترەمپیان راگرت.
رۆژی چوارشەممە، 20-1-2021، دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێكیدا، کە بەشێوەی ئۆنڵاین پێشکێشی کرد و لە چوارچێوەی گرووپی میدیایی و تەکنەلۆژی ترەمپ، تۆڕی کۆمەڵایەتیی "follow the truth"ی راگەیاند، کە بە "truth social" ناسراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت ئامانج لەو کارەی رووبەڕووبوونەوەی "کۆمپانیا زۆردارە زلهێزەکانی بواری تەکنەلۆژیا"یە کە ترەمپ بە بێدەنگکردنی دەنگی خەڵکی ناڕازی لە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی: "لە جیهانێک دەژین کە تێیدا تاڵیبان پێگەیەکی گەورەی لەسەر توویتەر هەیە، بەڵام سەرۆکە خوازراوە ئەمریکییەکەی ئێوە بێدەنگ کراوە." دەشڵێت "هەموو لایەک پرسیاردەکەن بۆچی بەرەوڕووی ئەو کۆمپانیا زلهێزانە ناوەستینەوە؟ پێتان دەڵێم، بەمزووانە وادەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ