رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی بە کارێکی "چەوت" ناوبرد و رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتووبن بۆئەوەی خۆیان لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزن.
مەهاتیر محەممەد، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر قاسم سولەیمانی گوتی، هێرشەکە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە و پێدەچێت زیاتر رێگەخۆشکەربێت بۆ "تیرۆریزم".
مەهاتیر محەممەد راشیگەیاند "ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ وڵاتانی ئیسلامی تاوەکو یەکبگرن، ئێمە چیتر سەلامەت نین، ئەگەر کەسێک سووکایەتییەک بکات یاخود شتێک بڵێت کە کەسانێک پێیان خۆش نەبێت، ئەوە کەسێکی دیکە لە وڵاتێکی دیکەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەنێرێت"، هاوکات بەدووری نازانێت هێرش بکرێتە سەر ئەویش و دەڵێت "لەوانەیە تەقە لە منیش بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا گوتیشی، "من راستی دەڵێم، ئەگەر تۆ کارێکی هەڵە بکەیت، من مافی ئەوەم هەیە لەسەری بەدەنگ بێم".
لە مالیزیا نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتی ئێرانی دەژین، سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، بەڵام مالیزیا هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپارێزێت.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمریکا و ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتری لە ناوچەکە دەکەن، بەوهۆیەشەوە دۆخی عێراق و ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ