رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانی و فەرەنسی بەدوای ئەو قاچاخچییانەوەن کە بە "تۆڕێکی کوردی عێراقی' ناساندوونی. 500 پۆلیسی ئەڵمانی و 20ی فەرەنسی لە دوو ویلایەتی ئەڵمانیا بەسەر 15 ماڵ و 10 کۆگایان داداوە و 13 کەسیان دەستگیرکردووە.
لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە کاژێرەکانی رابردوودا لە ویلایەتەکانی نۆردراین ڤێستڤاڵن و بادن ڤورتمبێرگ ئەنجامدرا، 13 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیرکران.
لە 25 شوێن، کە 15یان ماڵ بوون و 10یان کۆگا بوون، دەست بەسەر 21 بەلەمی بچووک و 24 موەلیدەی کارەبا و 76 هێلەگی خۆڕزگارکردن و 600 چووپی تایەی ئۆتۆمبێلدا گیرا. جگە لەوەش 70 هەزار پارەی کاش و بایی 5 هەزار یۆرۆ زێڕ و 40 ئامێری ئەلیکترۆنی (وەکو مۆبایل و لاپتۆپ) دەستیان بەسەرداگیرا.
پۆلیسی ئەورووپی (یۆرۆپۆل) رایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی پۆلیسی فەرەنسی بووە و 20 ئەفسەری فەرەنسی و 500ی ئەڵمانی بەشدارییان تێداکردووە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لەدژی تۆڕێکی قاچاخچێتی بووە کە بەگوتەی ئەوان (تۆڕێکی کوردی عێراقی) بووە.
پۆلیس دەڵێ تۆڕەکە تۆمەتبارن بە بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.
لێکۆڵینەوەکانی سەرەتای ئەم ساڵی پۆلیسی فەرەنسی دەریانخستووە کە تۆڕەکە زۆربەیان لە ئەڵمانیان. ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە کە تۆڕەکە لە تورکیا بەلەمە بچووکەکانیان کڕیوە و هێناویانن بۆ ئەڵمانیا. ئەم ساڵ ئەمە یەکەمجار نییە کە پۆلیسی ئەوروپی لە ئەڵمانیا تۆمەتبارانی کورد بە قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ