ترەمپ گوتاری سەرکەوتنی پێشکێش کرد؛ "ئەمریکا چاک دەکەمەوە"

06-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند. لە فلۆریدا گوتارێکی پێشکێش کرد و تییدا بەڵێنی "چاککردنی" ئەمریکای دا. 
 
بەیانی رۆژی چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2024، [شەوی 5ـی تشرینی دووەم بەکاتی ئەمریکا] دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە شاری وێست پام بیچ لە بەردەم لایەنگرانی گوتاری سەرکەوتنی پێشکێش کرد. 
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی دەنگەکانی هەموو ویلایەتەکان دەرنەچووە، بەڵام ترەمپ تاوەکو ئێستا 267 ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردووەتەوە و تەنیا سێ ئەندامی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت. 
 
لە بەرامبەردا، کامالا هاریس 224 خاڵی هەیە.
 
"چارەسەری هەموو شتێک دەکەین"
 
ترەمپ ئاماژەی بە "چاککردنی" ئەمریکا دا و گوتی، "یارمەتی وڵاتەکەمان دەدەین چاک ببێتەوە، وڵاتەکەمان زۆر پێویستی بە یارمەتییە. ئێمە چارەسەری سنوورەکان دەکەین، چارەسەری هەموو شتێکی وڵاتەکەمان دەکەین".
 
بەربژێرەکەی کۆمارییەکان سەرکەوتنەکەی بە "مێژوویی" وەسفکرد و گوتی، "ئەمشەو ئێمە بەهۆی هۆکارێک مێژوومان تۆمار کرد، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئێمە بەسەر هەموو ئاڵنگارییەکان سەرکەوتووین، ئێستا روونە کە ئێمە باوەڕپێنەکراوترین شتی سیاسیمان بەدەستهێنا. سەیر بکە چی روویدا، ئایە ئەمە شێتانەیە؟"
 
ترەمپ سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردن یارمەتییان داوە و گوتی، "ئەو سەرکەوتنە لە هەمووانەوە دێت. لەلایەن هەموو ئەندامانی دامەزراوەکان و ئەوانەشی دەرەوەی دامەزراوەکانەوە دێت؛ سەرکەوتنەکە لە ئەفرقییە-ئەمریکییەکان، لاتینۆ-ئەمریکییەکان، ئاسیاییە-ئەمریکییەکان، عەرەبە-ئەمریکییەکان و موسڵمانە-ئەمریکییەکانەوە دێت."
 
کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لەپێش دیموکراتەکانن
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، تاوەکو ئێستا (کاژێر 12:00 بەکاتی هەولێر) پارتی کۆمارییەکان توانیویەتی لە 100 کورسی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ژمارەی کورسییەکانیان بگەیێننە 51 کورسی و ژمارەی کورسییەکانی دیموکراتەکان و نزیکەکانیشیان بوو بە 49 کورسی.
 
هاووڵاتییانی ئەمریکا لە هەر 50 ویلایەتەکان 100 کەس وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێرن، واتە لە هەر ویلایەتێک دوو کەس هەڵدەبژێردرێن. 
 
هەڵبژاردنی ئەم جارە تەنیا 34 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن، ئەوەش لەبەر ئەوەی دوو ساڵ جارێک ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە ئەمریکا نوێ دەکرێنەوە. 
 
هەروەها لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش کە 435 ئەندامی هەیە، کۆمارییەکان توانیویانە تاوەکو ئێستا 197 کورسی ببەنەوە و دیموکراتەکانیش 179 کورسی. 
 
پێش ئەم هەڵبژاردنە، کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی کەم کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کردبوو، 220 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان هەبوو، هەروەها دیموکراتەکانیش 212 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان هەبوو. 
 
11 حاکمی نوێ هەڵدەبژێردرێن؛ بەربژێری کۆمارییەکان لە 7 ویلایەت لەپێشن
 
لە ئەمریکا جگە لە هەڵبژاردنی کۆلێژی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران و لە 11 ویلایەتیش هەڵبژاردنی حاکمەکان بەڕێوەچوو.
 
ئەو ویلایەتانەی هەڵبژاردنی حاکمەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت بریتین لە: دێلاوێر، مۆنتانا، ئیندیانا، میزۆری، نیوهامشایەر، کارۆلاینای باکوور، ڤێرمۆنت، داکۆتای باکوور، یوتا، واشنتن و ڤێرجینیای رۆژئاوا.
 
تاوەکو ئێستا بەربژێری کۆمارییەکان لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی یوتا، کارۆلاینای باکوور، میزۆری، ئیندیانا، ڤێرجینیای رۆژئاوا، ڤێرمۆنت و نیوهامشایەر لەپێش بەربژێری دیموکراتەکانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە