جیهان پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات

06-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لەبەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن راگەیاند، سەرکردەکانی جیهان پیرۆزبایی بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکایان لێکرد. 
 
هەرێمی کوردستان
 
لە هەرێمی کوردستان هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییان لە ترەمپ کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو و جەی دی ڤانس دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنیانەوە لە هەڵبژاردن".
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "چاوم لە کارکردنی پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمریکا".
 
هاوکات، مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "چاوم لە قووڵکردنەوەی هاوبەشییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەروەها پێکەوە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا".
 
ئەڵمانیا
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پیرۆزیی لە ترەمپ و کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە دەیانەوێت لە کارکردنیان لەگەڵ یەکتری بەردەوام بن.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا دەشڵێت، "ئەڵمانیا و ئەمریکا لە کارکردن بەیەکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی سەرکەوتوو بوون".
هەر لە ئەڵمانیا، ئەنالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و لە بەرلین بە رۆژنامەڤانانی گوتی، "دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکەی بردەوە، پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لێدەکەین".
 
ئیسرائیل
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکەوتنی ترەمپی بە "گەورەترین گەڕانەوەی مێژوو" ناوبرد.
 
بنیامین نەتەنیاهوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و نووسی، "گەڕانەوە مێژووییەکەت بۆ کۆشکی سپی سەرەتایەکی نوێیە بۆ ئەمریکا و پابەندبوونەوەیەکی بەهێزی هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلە. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە".
جگە لە سەرۆکوەزیرانی ئەو ولاتە، ئیسرائیل کاتز، کە دوێنی نەتەنیاهوو بە وەزیری بەرگریی دەستنیشانی کرد، پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد. 
 
کاتز لە ئێکس گوتی، "ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو پیرۆز بێت. بەیەکەوە هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەهێز دەکەین، بارمتەکان دەگەڕێنینەوە و بەتووندی بۆ شکستپێهێنانی بەرەی خراپەکاری دەوەستین کە ئێران سەرکردایەتی دەکات".
 
چین
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا گوتی، کە ئەوان لەگەڵ ئەمریکا هیوای "پێکەوەژیانی ئاشتییانە" دەخوازن. 
 
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین پەککین بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەڕێوەبەردنی پەیوەندییەکانی چین-ئەمریکا لەسەر بنەمای ئاشتی، رێزی هاوبەش و پێکەوەژیانی هاوبەش".
 
لەبارەی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، "سیاسەتمان بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەگۆڕە".
 
تورکیا
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دۆناڵد ترەمپی بە "دۆست"ـی خۆی ناوبرد، پیرۆزبایی لێکرد و رایگەیاند، "لەم سەردەمە نوێیەیەدا کە بە هەڵبژاردەی خەڵکی ئەمریکا دەستپێدەکات، هیواخوازم پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکا بەهێز ببن.
 
هەروەها دەڵێت، هیواخوازە ترەمپ هاوکار بێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە لە لایەک و رووسیا و ئۆکراینا لە لایەکی دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."