رووداو دیجیتاڵ
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا جەختیان کردەوە کە "جەنگی بازرگانی خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەک ناکات"، دوای ئەوەی کە ئەمریکا پێناسی گومرگی بەرزی بەسەر زۆربەی وڵاتاندا سەپاند.
نووسینگەی ستامەر بڵاویکردەوە، هەردوو سەرکردەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە جەنگی بازرگانی خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەک ناکات، بەڵام نابێت هیچ شتێکیش بەدوور بگیرێت".
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیادا هەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها پێویستیان بە "یەکگرتووییە".
ماکرۆن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "لە کاتێکدا ئابووریی جیهان بەر شۆکی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا کەوتووە، ئامادەیی خۆمان دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەبارەی هەڵوێستی هاوبەشمان بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ بکەین".
ماکرۆن گوتیشی: "پێویستە یەکگرتوو و پێداگربین بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و کارەکانمان،" ئەمە هەمان ئەو بانگەوازە بوو کە پێنجشەممە ئاراستەی 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا کرد.
دوای دەربازبوونی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر برێکزیت و بە فەرمی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، شانشینی یەکگرتوو لە بەشێک لە باجە گومرگییەکانی ئەمریکا کە یەکێتییەکەی گرتنەوە رزگاری بوو.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "هێشتا کار لە کار نەترازاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نیگەرانییەکان لە رێگەی دانوستاندنەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەورووپییەکان "ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە"ی پێناسەکانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ