رووداو دیجیتاڵ
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشداری لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان دەدەن و دەڵێن، "رووسیا چالاکترین هەڕەشەیە. ئەکتەرە کاریگەرەکانی ئێرانیش رەنگە هەوڵی دروستکردنی نێوەڕۆکی میدیایی ساختە بدەن."
رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024 کۆمەڵەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، کە لە 18 دەزگا و دامەزراوەی فیدراڵیی ئەمریکا پێکدێن و ئەرکیان کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری هەوڵگرییە، بڵاویکردەوە، دەکرێت هەوڵ بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکادا هەبێت.
کۆمەڵەکە لە راگەیێندراوێکدا باس لە هەڕەشەکانی سەر هەڵبژاردنەکە دەکات و دەڵێت، "رووسیا یەکێکە لە چالاکترین هەڕەشەکان." ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەکتەرە کاریگەرەکانی پەیوەست بە رووسیا خەریکی دروستکردنی ڤیدیۆ و بابەتی ساختەی تایبەت بە تێکدانی رەوایەتیی هەڵبژاردن و چاندنی ترسن سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن."
کۆمەڵەکە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکا دەکات "تەنیا زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان وەربگرن، ئەوەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە ترس و دڵەراوکێ."
یەکێک لەو دەنگۆیانەی کۆمەڵەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بە "ناڕاست" ناوی دەبات و رووسیای بە بانگەشەکردن بۆی تۆمەتبار کردووە، ئەوەیە کە باس لەوە دەکرێت، لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان هەوڵی ساختەکاری دراوە.
ئێران یەکێکی دیکەیە لەوانەی کۆمەڵەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداری لەبارەیەوە دەدات و دەڵێت، "ئەکتەرە کاریگەرەکانی ئێران رەنگە هەوڵی دروستکردنی نێوەڕۆکی میدیایی ساختە بدەن، کە مەبەست لەو کارە دروستبوونی تووندووتیژییە، وەکو ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردوو کردیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ