جیهان
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵ هاوژینەکەی لە بنکەیەکی دەنگدان لە فلۆریدا دەنگیان دا. وێنە: CHIP SOMODEVILLA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دوای دەنگدان لە ویلایەتی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەگەر هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت، ئامادەیە ئەنجامەکەی پەسند بکات.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر هەڵبژاردنێک بدۆڕێنم کە دادپەروەرانە بێت، یەکەم کەس دەبم دان بەو هەڵبژاردنەدا بنێم."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە پێی وایە هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانەیە یان نا، ترەمپ گوتی، "پێموایە تاوەکو ئێستا هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانەیە."
ترەمپ لەبارەی بانگەشەی خۆی و جێگرەکەی قسەی کرد و گوتی، "پێموایە شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنمان بەراورد بە پێشتر، باشترین بانگەشەی هەڵبژاردن بوو."
رۆژی شەممە، دامەزراوەی YouGov ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەرکەوتووە، 67%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە ئەگەر ترەمپ نەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکە، ئەنجامەکەی پەسند ناکات.
راپرسییەکە باس لە بۆچوونی دیموکرات و کۆمارییەکان لەوبارەیەوە دەکات و دەڵێت، 82%ی دیموکراتەکان و 55%ی کۆمارییەکان پێیان وایە ترەمپ لەئەگەری شکستهێنانی لە هەڵبژاردنەکە، ئەنجام رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ