چیک: گوتەکانی ئەردۆغان لەبارەی یۆنان مایەی قبووڵکردن نین

05-09-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی لە یۆنان کرد و گوتی، "شەوێک لەناکاو بۆتان دێین،" کۆماری چیک وەڵامی دایەوە و گوتەکانی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد.
 
وەزارەتی دەرەوەی چیک لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "یەکێک لە ئامانجەکانمان هاندانی دروستبوونی دیالۆگە لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیادا. سەرۆککۆمار ئەردۆغان لە دوایین گوتەی لەبارەی یۆنان، هەڕەشەی لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام کردووە کە ئەمە قبووڵنەکراوە. ئەم جۆرە هەڵوێستانە لە بابەتی دروستکردنی دیالۆگی نێوان هەردوولا بێسوودن."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 3ی ئەیلوولی 2022 لە گوتارێکدا لە پەراوێزی پرۆگرامی تەکنۆفێست-2022 کە لە سامسون رێکخرابوو، باسی لەوە کرد کە یۆنان هەڕەشە لە فڕۆکەکانیان دەکات و گوتی، "ئەی یۆنان! سەیری مێژوو بکە، بگەڕێوە بۆ مێژوو. ئەگەر زۆر لەمە زیاتر بڕۆیتە پێشەوە، باجەکەی قورس دەبێت. ئێمە یەک رستەمان بۆ یۆنان هەیە. ئیزمیر لەبیر مەکە. تورکیا ئێستا لای ئەو وڵاتانەی گەیشتوونەتە ئاستێکی باش لە پێشکەوتن، خۆی سەلماندووە. ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە کە دوورگەکانتان داگیر کردوون. هەر کە کات و کاژێری خۆی هات، ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. ئەها کە دەڵێین شەوێک لەناکاو دێین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئەمریکا گرت بەوەی پشتیوانیی یۆنان دەکات و لەڕووی سەربازییەوە یارمەتیی دەدات، رووی دەمی لە بەرپرسانی یۆنان کرد و رایگەیاند، "دەبێت بزانن کێ بەرامبەرتانە."
 
ماوەیەکە بەرپرسانی تورکیا و یۆنان زمانێکی تووند بەرامبەر یەکدی بەکاردەهێنن. رۆژی 28ی ئابی 2022 وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی 23ی ئابی 2022 کاتێک ئێف 16کانی تورکیا لە ئاسمانی دەریای ئیجە فڕیون، لەلایەن یۆنانەوە هەراسان کراون. وەکو وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئەو هەراسانکردنە لەڕێگەی سیستمی بەرگریی ئێس 300ی رووسییەوە لە دوورگەی گیریتەوە کراوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا حکومەتی یۆنان بە فەرمی وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی تورکیای نەداوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە