پەیامێک لە خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوونەوە بۆ کۆریای باشوور: دەتوانین بە ئەتۆم بتانسڕینەوە

05-04-2022
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون-ی سەرۆکی کۆریای باکوور هۆشداری دەداتە کۆریای باشوور و دەڵێت، وڵاتەکەی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت بۆ "سڕینەوەی" سوپای کۆریای باشوور ئەگەر ئەو وڵاتە بیەوێت پێشوەختە هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی.
 
کیم یۆ جۆنگ، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوورە و بە دووەم بەهێزترین کەسی ئەو وڵاتە دادەنرێت، لە پەیامێکدا کە لە میدیای فەرمیی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، لە سێ رۆژدا دوو کاردانەوەی تووندی لە وەڵامی لێدوانەکانی سۆ ووک، وەزیری بەرگریی کۆریای باشووردا هەبووە.
 
مانگی رابردوو کۆریای باکوور مووشەکی بالیستیکی کیشوەربڕی بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2017 تاقیکردەوە و ئەوەش تووڕەیی زۆری کۆریای باشوور و ژاپۆنی بەدوای خۆیدا هێنا. وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور رۆژی هەینی 1ی نیسانی 2022 رایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەنی مووشەکگەلێکە کە "لەتوانایاندایە بەشێوەیەکی ورد و خێرا هەر ئامانجێک لە کۆریای باکوور بکەنە ئامانج، ئەوەش کاتێک کە ئاماژەی روون لەبارەی هاوێشتنی مووشە لە کۆریای باکوورەوە هەبێت".
 
لە وەڵامی ئەو قسانەی وەزیرەکەی کۆریای باشووردا، وەکو میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئوون رایگەیاند، ئەوە "هەڵەیەکی زۆر گەورەیە" بۆ سۆ "شێت" ئەگەر بیانەوێت پێشوەختە هێرش لە دژی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بکەن.
 
خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور کە راوێژکارێکی سیاسیی سەرەکیی پیۆنگیانگە، ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ئەگەری ئەوەی کۆریای باشوور بژارەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێمە هەڵبژێرێت، هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیمان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەرکی خۆی".
 
بە گوتەی کیم یۆ جۆنگ، "ئەرکی لەپێشینەی" هێزی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بەرپەرچدانەوەیە، بەڵام ئەگەر پێکدادانی چەکداری رووبدات، ئەو جۆرە چەکانە [چەکی ئەتۆمی] بۆ "سڕینەوەی هێزی چەکداریی دوژمن" بەکاردەهێندرێت.
 
یۆ جۆنگ ئەوەی خستووەتەڕوو، لە دەرئەنجامی ئەو "هێرشە ترسناکەش"، هێزەکانی کۆریای باشوور رووبەڕووی "چارەنووسێکی خراپ و بەئازار" دەبنەوە کە کاولکارییەکی تەواوی لەدوا دەبێت.
 
"هێزەکانی کۆریای باشوور بە رکابەر و هاوتای خۆمان نازانین"
 
بە ئاماژەکردن بە سوپای کۆریای باشوور، خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون دەڵێت، ئەوان بە رکابەر و هاوتای خۆیانیان نازانن.
 
پێشتریش کیم یۆ جۆنگ لە وەڵامی چەند لێدوانێکی وەزیری بەرگریی کۆریای باشووردا هۆشداریی دابوو بەوەی کە ئەو وڵاتە دەبێت "کۆنترۆڵی خۆی بکات ئەگەر دەیەوێت رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە".
 
رۆژی 24ی ئاداری 2022 سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە کۆریای باکوور "تەنێکی نەناسراو"ی هاویشتووە؛ پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن گوتی، مووشەکی بالیستی بووە و لە ناوچەی "ئی ئی زێد"ی وڵاتەکەی کەوتووەتەوە و هۆشداریی بە کەشتییەکانی سنووری ئاویی وڵاتەکەی داوە لە ئەگەری هاویشتنی مووشەکی بالیستی لە کۆریای باکوورەوە. سەرۆکی کۆریای باشووریش رایگەیاند، مووشەکی کیشوەربڕ بووە.
 
کۆریای باکوور ناوبەناو تاقیکردنەوەی مووشەکی کیشوەربڕ و چەکە ئەتۆمییەکانی دەکات. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆریای باکوور مووشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیک و مامناوەندی تاقیکردووەتەوە.
 
ئەمریکا رایگەیاندووە، تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور "بەشێوەیەکی جیددی روو لە هەڵکشانن" و هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە بەهۆیانەوە سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت، هۆشدارییش دەدات لەوەی کە کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکی کیشوەربڕ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی، پێشوازیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد

ترەمپ دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی لەلایەن بایدنەوە پێشوازیی لێ کرا: ئەمڕۆ سیاسەت جیهانێکی جوانە

دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن جۆ بایدنەوە لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێکرا. بایدن بە ترەمپی گوت لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا هاوکاریی تەواوی دەکرێت. ترەمپیش گوتی: "ئەمڕۆ سیاسەت جیهانێکی جوانە."