سێ کێبڵی ئینتەرنێت لە دەریای سوور پچڕاون

05-03-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
" زیاتر لە 90٪ـی پەیوەندیی تێلیکۆمیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی کێبڵەکانی ژێر دەریاوە دەگوازرێتەوە"
" زیاتر لە 90٪ـی پەیوەندیی تێلیکۆمیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی کێبڵەکانی ژێر دەریاوە دەگوازرێتەوە"
نیشانەکردن ئینتەرنێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێ کێبڵی ئینتەرنێت لە قوڵایی دەریای سووردا پچڕاون لەکاتێکدا رێڕەوە ئاوییەکە کەوتووەتە بەر هێرشی حووسییەکانی یەمەن.
 
روون نییە هۆکاری پچڕانی کێبڵەکان چییە، بەڵام لە رابردوودا، نیگەرانی هەبووە لەوەی کێبڵەکان لە لایەن حووسییەکانەوە بکرێنە ئامانج. 
 
ئەو گرووپە چەکدارە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، دەستی بە هەڵمەتێکی هێرش کردووە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل تاوەکو کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بهێنێت،
 
حووسییەکان رەتیدەکەنەوە هێرشیان کردبێتە سەر کێبڵەکان، کە ئینتەرنێت و پەیوەندیی تێلێکۆمی بۆ سەرانسەری جیهان دابیندەکەن.
 
لە کاتێکدا هاتووچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور پەکیکەوتووە، کە رێڕەوێکی گرنگی گواستنەوەی بازرگانییە لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا، دەکرێت زیانگەیاندن بە کێبڵەکانی ئینتەرنێت ململانێکە ئاڵۆزتر بکات، کە ماوەی نزیکەی پێنج مانگە بەردەوامە. 
 
کۆمپانیایHGC Global Communicationsـی هۆنگ کۆنگی دەڵێت، ئەو کێبڵانەی پچڕاون بریتین لە کێبڵەکانی: ئاسیا - ئەفریقا - ئەوروپا 1، دەروازە ئەوروپا و هیندستان، Seacom و TGN-Gulf. بەگوتەی کۆمپانیاکە، پچڕانەکە زیانی بە جوڵەی 25٪ـی ئەو داتایانە گەیاندووە، کە بە ژێر دەریای سووردا دەگوازرێنەوە. 
 
هەروەها دەڵێت، دەریای سوور رێڕەوێکی گرنگی گواستنەوەی داتاکانە لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا، باس لەوەش دەکات کە دەستی بە گۆڕینی رێگەی داتاکان کردووە. 
 
کۆمپانیای سیکۆم دەڵێ تاقیکردنەوەی سەرەتایی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە "ئەو بەشەی زیانی بەرکەوتووە، دەکەوێتە سنووری دەریایی یەمەن لە باشووری دەریای سوور." کۆمپانیاکە هەروەها باس لەوە دەکات، هێندەی بۆی کرابێت، شوێنی گواستنەوەی داتاکانی گۆڕیوە، بەڵام هێشتا هەندێ لە خزمەتگوزارییەکان بە لەکارکەوتوویی ماونەتەوە. 
 
کۆمپانیای Tata Communications کە بەشێکە لەو گرووپەی لە پشت هێڵی  Seacom-TGN-Gulfـەوەیە، دەڵێت، دەستیکردووە بە چاککردنەوەی کێبڵەکە. 
 
کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاند "ئێمە، وەبەرهێنان لە زۆر کۆمەڵەی کێبڵی جۆراوجۆر دەکەین بۆ ئەوەی فرەڕەنگیی خۆمان زیادبکەین و لە دۆخی لەم شێوەیەدا کە کێبڵێک دەپچڕێت یان لەکاردەکەوێت، بتوانین بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رێگەی گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکانمان بگۆڕین."
 
سەرەتای شوباتی ئەمساڵ، حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن گوتی حووسییەکان نیازیان هەیە هێرش بکەنە سەر کێبڵەکان. وا دەردەکەوێت کە هێڵەکان لە 24ـی شوباتەوە پچڕێنرابن. رێکخراوی NetBlocks  تێبینیکردووە؛ دوو رۆژ دوای ئەوە، لە وڵاتی جیبۆتی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا کێشەی پچڕانی ئینتەرنێت هەبووە. 
 
بەڵام حووسییەکان رەتیدەکەنەوە کێبڵەکان بکەنە ئامانج و پچڕانەکەیان خستە ئەستۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئەمریکا و بەریتانیا. 
 
لە مانگی نۆڤەمبەرەوە، حووسییەکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و سنوورە ئاوییەکانی دەوروبەری. 
 
وێڕای یەک مانگ و نیو لە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەریان، حووسییەکان هێشتا لە توانایادا ماوە هێرشی گەورە بکەنە سەر کەشتییەکان. یەکێک لەو هێرشانەش مانگی رابردوو بوو بۆ سەر کەشتیێکی گواستنەوەی پەین بە ناوی روبیمار، کە رۆژی شەممەی رابردوو نوقم بوو، هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا درۆنێکی ئەمریکی خرایە خوارەوە کە بەهاکەی دەیان ملیۆن دۆلار بوو. 
 
حووسییەکان سوورن لەسەر ئەوەی هێرشەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل جەنگەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەوەستێنێت، جەنگێک کە بووەتە هۆی توڕەبوونی وڵاتانی عەرەبی. 
 
تیم سترۆنگ، پسپۆڕی بواری کێبڵەکانی ژێر دەریا کە لەگەڵ کۆمپانیای TeleGeographyـی ئەمریکی کاردەکات، باس لەوە دەکات؛ ئێستا 14 کێبڵ بە ژێر دەریای سووردا دەڕۆن و بڕیارە شەشی دیکەش دابنرێن. 
 
ئەو دەڵێت "مەزەندە دەکەین زیاتر لە 90٪ـی پەیوەندیی تێلیکۆمیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی کێبڵەکانی ژێر دەریاوە دەگوازرێتەوە. خۆشبەختانە، کۆمپانیا تێلیکۆمییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی ئامادەیی و ژمارەیەکی زۆری کێبڵ بە دەریای سووردا دەڕۆن."
 
حووسییەکان هۆشدارییان داوە، "لەبەر هۆکاری سەلامەتی،" هەر کەشتییەک بە مەبەستی راخستنی کێبڵ بچێتە سنوورە ئاوییەکانی یەمەن، دەبێت مۆڵەت لەوان وەربگرێت.  
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاووڵاتییانی ئەڵمانیا گوڵ لە شوێنی رووداوەکە دادەنێن. وێنە: Ronny Hamann- AFP

پۆلیسی ئەڵمانیا: هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی ناڕازیبووە

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو کەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕێکی کریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە 5 کەسی کوشت و زیاتر لە 200ـی دیکەی بریندارکرد، لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازیبووە.