رووداو دیجیتاڵ
پەکین سەرکۆنەی بڕیاری پێنتاگۆن دەکات لە خستنەخوارەوەی باڵۆنە چینییەکە، کە بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا دەسووڕایەوە و دەڵێت ئەمریکا "بە روونی زێدەڕۆیی لە کاردانەوەیدا کردووە و بەشێوەیەکی مەترسیداریش مامەڵەی نێودەوڵەتی پێشێلکردووە."
رۆژی یەکشەممە، 5ـی شوباتی 2023، وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "چین ناڕەزایی قووڵ و دژایەتیی خۆی لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر بالۆنێکی سڤیلی بێسەرنشین دەردەبڕێت". گوتیشی کە مافی خۆیەتی "وەڵامی پێویستی زیاتریش بداتەوە".
باڵۆنە چینییەکە، کە ئەمریکا بە "سیخووڕی" تۆمەتباری دەکرد، ئێوارەی رۆژی شەممە خرایەخوارەوە. لەو بارەیەوە پێنتاگۆن رایگەیاند باڵۆنەکە بە فڕۆکەیەکی شەڕکەری جۆری F-22 کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە. پێنتاگۆن ئەوەشی نەشاردەوە، باڵۆنەکە بووەتە هۆی هەڵکشانی گرژی لەنێوان واشنتن و پەکین.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، باڵۆنەکە لە کەناراوەکانی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لە ئاوێکی 14 مەتر قووڵدا کەوتووەتە خوارەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای خستنەخوارەوەی باڵۆنەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوان بڕیاریان دا بۆ ئەوەی زیان بەر هیچ کەسێک نەکەوێت، باشترین کات ئەوە بوو، کە باڵۆنەکە بگاتە سەر رووبەری ئاوی".
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا خستنەخوارەوەکەی بە "ئەنقەست و یاسایی" ناوبرد کە لە وەڵامی "پێشێلکردنی قبووڵنەکراوی سەروەرییەکەمان لەلایەن چینەوە" هاتووە.
وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، ئەوان "بەڕوونی" داوایان لە ئەمریکا کردبوو بۆ ئەوەی "بەشێوەیەکی گونجاو، لەسەرخۆ و پرۆفێشناڵانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا بکەن،" بەڵام وەکو خۆی دەڵێت ئەمریکا "رژد بوو لەسەر ئەوەی هێز بەکاربهێنێت."
وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداریش دەدات لەوەی "چین بەشێوەیەکی تووند پارێزگاری لە ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی دەکات و مافی ئەوەشی هەیە وەڵامی پێویستی زیاتریش بداتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ