بایدن پێشنیاز دەکات ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئێران

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هانی ئیسرائیل دەدات هێرش نەکاتە سەر کیڵگە نەوتییەکانی ئێران و دەڵێت، "لە شوێنی ئەوان بوومایە، بیرم لە جێگرەوەی دیکە لەبری بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان دەکردەوە."
 
رۆژی هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لەبارەی دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە قسەی کرد.
 
بایدن گوتی، "ئیسرائیلییەکان نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە چی دەکەن لە رووی بۆردوومانکردنەوە. ئەو بابەتە هێشتا لە تاوتوێکردندایە. ئەگەر لە شوێنی ئەوان بوومایە، لەبری بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، بیرم لە جێگرەوەی دیکە دەکردەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی وەک ئاستەنگ لەبەردەم بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا ناوبرد.
 
بایدن گوتی، زۆر شت بۆ بەرقەرارکرنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن، بەڵام کاتێک هێزە ناعەقڵانییەکانی وەک حیزبوڵڵا و حووسییەکان لە ناوچەکەدا هەن، ئیدی بڕیاردان کارێکی قورسە.
 
1ی تشرینی یەکەمی 2024 ئێران بە زیاتر لە 180 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 
هەمان رۆژ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە