نەتەوە یەکگرتووەکان: ئازادیی رادەربڕین لەژێر هەڕەشەدایە

03-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئازادیی رادەربڕین لە تەواوی جیهان لەژێر هەرەشەدایە؛ سەرکۆنەی "بەئامانجگرتنی رۆژنامەڤانان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست"یش دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئازادی رۆژنامەگەری بە "بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری" ناوبرد و رایگەیاند، "هەموو ئازادییەکەمان بەندە بە ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە."
 
گۆتێرێز گوتیشی، "ئازادیی رۆژنامەگەری لە تەواوی جیهاندا لەژێر هەڕەشەدایە. بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست، هەڕەشە لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاریی راست و دروست هەیە."
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، رۆژنامەڤانان بە بەردەوامی هەراسان دەکرێن، دەترسێنرێن و دەستگیردەکرێن. 
 
هاوکات ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی یونسکۆ رایگەیاند، هەراسانکردن و ترساندنی رۆژنامەڤانان قبووڵکراو نییە و گوتیشی، "خۆمان لە بەردەم چوارڕیانێکی نوێدا دەبینینەوە؛ رێگەیەکە بەرەو جەمسەرگیری زیاتر."
 
هەر لەو بارەیەوە ئاگنس کالامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی گوتی، "کاتێک ئازادی رادەربڕین هەرەس دەهێنێت، سیستمی دیموکراسی بەدوایدا دەڕوخێت." 
 
بەگوێرەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 55 رۆژنامەڤان و 4 میدیاکاری دیکە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کوژراون. 
 
پەیامنێرانی بێسنوور ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا لە ساڵی 2022 زیاتر لە 533 میدیاکار دەستگیرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و مارک رووتە، سکرتێری ناتۆ

ترەمپ و سکرتێری ناتۆ لەبارەی "دۆخی ئاسایشی جیهان" کۆدەبنەوە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و پرسی هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئاسایشی جیهان تاوتوێ کرد