بازاڕی جەژنی رەمەزان لە پاکستان بەهۆی گرانییەوە گەرموگوڕ نییە

03-05-2022
بازاڕی جەژنی رەمەزان لە پاکستان بەهۆی گرانییەوە گەرموگوڕ نییە
بازاڕی جەژنی رەمەزان لە پاکستان بەهۆی گرانییەوە گەرموگوڕ نییە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕی شاری کەراچی پاکستان، دووکانداران دەڵێن، خەڵک لەبەر بەرزبوونەوەی نرخ، زۆر شت ناکڕن.
 
فەیزان ئیلیاس، بەرگدوور گوتی، "رەمەزانی پار، بازاڕ لەبەر کۆرۆنا داخرابوو. کارمان کەمبوو. خەڵکی رەوشی ژیانیان ئەستەم بوو. سوپاس بۆ خودا ئەمساڵ بازاڕ کراوەیەوە، بەڵام رەنگە لەبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، داهاتی زۆر کۆنەکەینەوە".
 
هەفتەی رابردوو دەستەی ئاماری پاکستان بڵاویکردەوە، لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و شەڕی ئۆکراینا، نرخی بەکاربەر لە مانگی رابردوودا بە رێژەی 15.1٪ بەرزبووەتەوە. بۆ نموونە، نرخی کراسێک لە نزیکەی حەوت دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 14 دۆلار. 
 
لەیبە قوڕەیشی، کڕیار باس لەوە دەکات، "سەرقاڵی کڕینین، راستە نرخ بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەگەر خەڵک ناچار بێت پێداویستییەکانی بکڕێت، دەبێت دەستبەرداری بەشێک لە خەرجییەکانی بێت. لە رۆژانی جەژندا خەڵک هەر شت دەکڕن، ئەگەر گرانیش بێت."
 
بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، پێشبینیدەکرێت ئابووریی پاکستان ئەمساڵ بە رێژەی 4٪ گەشەبکات، بەڵام بەرزبوونەوەی هەڵاوسان هەڕەشەیە لەبەردەم بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە. 
 
سەیدا هانییە، کڕیارێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "ئامادەکاری بۆ رۆژی جەژن دەکەین. شتی زۆر دەکڕین. دەست و پێمان بە خەنە رەنگ دەکەین. دەستم رەنگ کردووە، دیزاینەکەی زۆر جوانە."
 
حکومەتی پاکستان لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە پشووی راگەیاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە