بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی 13 فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا هەزاران گەشت هەڵوەشانەوە

10-03-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف
فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا مانگرتنی سەرتاسەریی کرا بەهۆیەوە هەزاران گەشت هەڵوەشانەوە و زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار لە گەشتەکانیان بێ بەش بوون.
 
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ، چەند گەشتیارێک لە فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا سەیری خشتەی گەشتەکەیان دەکەن. چارەنووسی هەزاران گەشتیار بەهۆی مانگرتنی 13 فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا نادیارە. داوای مانگرتنی سەندیکای ڤێردی بووە هۆی ئەوەی رۆژی دووشەممە لە کۆی 338 گەشتی فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف، 168 گەشتیان هەڵبوەشێنەوە.
 
ئەندێ بیڵ، گوتەبێژی سەندیکای ڤێردی رایگەیاند: "ئێمە لێرەین ئەمڕۆ لەگەڵ داواکارییە بە کۆمەڵەکان لە مانگرتنداین، داوا دەکەین کە  8٪، کە لانیکەم دەگاتە  350 یۆرۆ زیاد بکەن. ئێمە باس لە کارمەندانی کۆمپانیای فڕۆکەخانە و خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی فیدراڵی دەکەین. ئەوان لە کاروباری رۆژانەدا چالاکن، باری چەمەدان بۆ ناو فڕۆکەکان، کارکردن لە بەشی تۆمارکردن و هتد. هەروەها ئەمڕۆ هاوڕێیانی بەشی ئاسایشی فڕۆکەوانیش بەشدارن لە مانگرتنەکەدا. ئەوان داواکاریی گشتگیریی گرێبەستیان هەیە، وەکو پاداشتی رۆژانی یەکشەممە، رۆژانی پشوو."
 
لە سەرانسەری ئەڵمانیا نزیکەی 10 هەزار کارمەندی فڕۆکەخانە 24 کاژێر مانگرتنیان راگەیاند.
 
ئازەر سادق یەکێکە لەو 500 کارمەندە مانگرتووەی فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف. 11 ساڵە لە بەشی (چێک - ئین) کار دەکات. پێیوایە لەگەڵ زیادبوونی نرخی ئاو، کارەبا و خۆراک پێویستە مووچەی ئەوانیش زیاد بکرێت.
 
ئازەر سادق دەڵێت: "ژیان قورس بووە، هەموو شتێک بەرەو گرانی دەچێت. تۆش هەر لە شوێنی خۆت دا دەمێنیتەوە، ئەگەر داوای مافی خۆت نەکەیت، ئەوا دەفەوتێت. راستە لە ئەڵمانیا و ئەورووپا ماف هەیە، بەڵام ئەگەر خۆپێشاندان نەکەیت، تیادەچیت."
 
بەرپرسانی ئەم 13 فڕۆکەخانەیە کارمەندەکانیان مانیان گرتووە، لە هەوڵدان گەشتەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە بگوازنەوە کە کارکردن تێیاندا ئاساییە.
 
ئێلۆنیا مارکۆڤیچ، گەشتیارێکە لە فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف و دەڵێت: "کۆمپانیای فڕۆکەوانییەکەمان ئاگاداری کردمەوە کە ناتوانم لە دۆسڵدۆرفەوە گەشت بکەم. کۆمپانیای فڕۆکەوانی پاسێکیشی بۆ ئێمە رێکخستووە. بە پاس دەچین بۆ موینستەر و دواتر لە کاتی ئاسایی خۆیدا بەرەو پریشتینا دەڕۆین."
 
سەندیکای ڤێردی کە نوێنەرایەتیی کرێکار و کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاری دەکات، هۆشداری داوە لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانیان، مانگرتنی فراوانتر و کتوپڕ رادەگەیێنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ رەتیدەکاتەوە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی بەربژێر بکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا گومانی لەبارەی رێککەوتنی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاگربەست هەیە و دەڵێت، هەرچەندە شتی ئەرێنیش روودەدەن، بەڵام دەکرێت "رێککەوتنەکە نەکرێت." لەبارەی دووبارە خۆبەربژێرکردنەوەشی دەڵێت، پلانی ئەوەی نییە جارێکی دیکە رکابەرێتی بکاتەوە.