جیهان
وێنەیەکی ئەرشیڤی (11ـی ئۆکتۆبەری 2023)ـی کەشتیی یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد، کە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە لە جیهاندا، وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی، یوو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد، کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرکرابوو، "لە رۆژانی داهاتوودا" دەگەڕێتەوە ئەمریکا.
هێزی دەریایی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، بۆ "بەهێزکردنی خۆپاراستن و بەرگریمان" کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە "لە بەندەرێکی نێوخۆی وڵاتدا جێگیر دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ ئەرکی داهاتووی ئامادەبێت."
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی دووشەممە (1-1-2024) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە "وەزارەتی بەرگریی بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هێزەکان لەسەر ئاستی جیهان دەکات و هێزێکی بەرفراوان لە دەریای نێوەڕاست و لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەهێڵێتەوە."
یوو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرە لە نەوەی نوێ، کێشی 100 هەزار تۆنە و بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات، تەکنەلۆژیای جەنگیی نوێی تێدا بەکارهێنراوە.
دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر، واشنتن پاڵپشتی سەربازیی پێشکەش بە ئیسرائیل کرد و هێزەکانی لە ناوچەکە زیاتر کرد، لەوانەش لە رێگەی ناردنی کەشتیی جیراڵد فۆرد و ئەوانی دیکە بۆ ناوچەکە.
هێزی دەریایی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها باسی لەوە کردووە "هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی بەرگری بەردەوام دەبێت لە پشتبەستن بە مانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا، لەنێویاندا گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئایزنهاوەر بۆ ئەوەی رێگری لە هەر لایەنێک بکات "کە بیەوێت جەنگی غەززە لە ناوچەکەدا بەرفراوان بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ