پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چی لێدێت؟

01-11-2024
دیار کوردە @diyarkurda
دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

سەرباری هەبوونی رێککەوتنێکی ستراتیجی، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پەیوەندییەکی ناڕوونی لەگەڵ واشنتن دا هەیە؛ گۆڕانی ئیدارەش چ لە بەغدا، چ لە واشنتن کاریگەریی لەسەر ئەو پەیوەندییانە دەبێت، بەتایبەتیش کە بەشێک لە لایەنەکانی عێراق لە دژی پەیوەندیی بەهێزی سەربازی و ئەمنین لەگەڵ واشنتن. ئیدارەی واشنتنیش چەندین نیگەرانیی ئەمنیی لە عێراق هەیە، هەبوونی دوو بەربژێریش بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بۆچوونی تەواو جیاوازیان لەسەر عێراق و ناوچەکە هەیە، کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئەو پەیوەندییانە دەبێت.
 
د. عەباس کازم، سەرۆکی دەستپێشخەریی عێراقە لە ئەنجوومەنی ئەتلانتیک، ئەو بۆچوونی وایە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هەڵبژاردنی عێراقیش کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بکرێت، رەنگە زۆر شت لە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن بگۆڕێت، بەڵام ئەمریکا و عێراق پابەند دەبن بەو رێککەوتنە ستراتیجییەی لە ساڵی 2008 کردوویانە.
 
سەرۆکی دەستپێشخەریی عێراقی لە ئەنجوومەنی ئەتلانتیک دەڵێت، "پێموایە واشنتن بە بایەخەوە سەیری عێراق دەکات، لە هەمان کاتدا چاوەڕوانیشی لە عێراق هەیە، پێشموایە هەردوو وڵاتەکە حکومەتێکی نوێیان دەبێت، لە ساڵی 2025 لە ئەمریکا حکومەتێکی نوێ دێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە عێراقیش هەڵبژاردن دەکرێت، رەنگە بۆ 2026 حکومەتێکی نوێ لە عێراق دروستبکرێت. بۆیەش زۆر شت هەن دەکرێت بگۆڕردرێت."
 
بەڵام بە بۆچوونی د. عەباس کازم، شتێک کە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە هەردوو وڵاتەکە پابەندییەکی تەواویان دەبێت بەیەکەوە کار بکەن، ئەمەش لەسەر بنچینەی رێککەوتنی ستراتیجیی 2008، "هەموو ئەو شتانەی ئێستا دەکرێت لەم چوارچێوەیە دەبێت، لە نێویاندا رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ گۆڕینی پەیوەندیی سەربازی تێکشکاندنی داعش بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵی، کە لەلایەن حکومەتی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت."
 
هاتنی ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا لە کاتێکدا، ئەم ساڵ عێراق و ئەمریکا رێککەوتوون لە ئەیلوولی 2025 پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێستایان، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین، بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندیی سەربازی و ئەمنیی دووقۆڵی، مانەوەی سەربازەکانی ئەمریکاش لە عێراق لەو چوارچێوەیەدا بێت.
 
پرسیارەکەش ئەوەیە، "ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، تاوەکو چەند هەمان بۆچوونی لەسەر مانەوە و نەمانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەبێ؟" جێگری یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، بە گەڕانەوەی ترەمپ کێشە بۆ ئەو پەیوەندییانە دروست دەبن.
 
دەیڤد ماک، جێگری یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "پێموایە کێشەیەکی زۆر گەورە دەبێت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا ئەگەر سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە، چونکە لە بنچینەدا ئەو لە دژی بوونی پەیوەندیی ئەمریکا بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بێجگە لەو کاتانەی خۆی و خێزانەکەی قازانجێکی زۆریان لەو پەیوەندییە نەکردبا، ئەو قازانجەیان لەگەڵ سعودیە، لەگەڵ ئیمارات و هەندێک وڵاتی دیکەدا دەبینی، بەڵام پێموانییە ئەمە لە عێراقدا ببینن."
 
لەسەر ئاستی حکومەت، ئەمریکا بە بایەخەوە سەیری عێراق دەکات، بەتایبەتیش کە زۆرجار عێراق رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکا دەبینێت، بۆ سەقامگیریی ئاسایشی کەنداویش بایەخێکی گرنگی هەیە، بەڵام کێشەی ئەمریکا لە عێراق ئەوەیە چەندین ئەکتەری دیکە لە دەرەوەی حکومەت هەن، هەندێکجار لە خودی حکومەتی عێراق بەهێزتر و کاریگەرترن، ئەمەش وایکردووە هەمیشە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ناڕوونی بمێنێتەوە.
 
سەرباری ئەو ناڕوونی و نیگەرانییانەی ئەمریکاش لە عێراق هەیەتی، بۆچوونەکان ئەوەن، ئەگەر کامەلا هاریس ببێتە سەرۆک، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لەم چوارچێوەیەی ئێستادا دەمێننەوە و گۆڕانی گەورە روونادات، بەڵام ئەگەر ترەمپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، رەنگە سیاسەتی ئەمریکا بۆ بەغدا کەمێک گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و واشنتن تووندتر مامەڵە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و خودی حکومەتی عێراقیش بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئاڵای رووسیا، ئۆکراینا و چەند چەکدارێکی دەستەی تەحریر شام

رووسیا تۆمەتی یارمەتیدانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەداتە پاڵ ئۆکراینا

نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینای بە یارمەتیدانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا تۆمەتبار کرد. نوێنەری ئێرانیش پاڵپشتیی تارانی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا هۆشداری لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریا دا.