رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی 1ی ئایاردا کە وەکو رۆژی جیهانیی کرێکاران دیاریکراوە، لە بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچوو؛ ئەوان لە مووچە و دۆخی کارکردنیان ناڕازین. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتییش ساڵانە 1.9 ملیۆن کرێکار لەسەر کار گیان لەدەستدەدەن.
لە ئیندۆنیزیا بە بەشداریی زیاترە لە 50 هەزار کرێکار لە رۆژی 1ی ئایار خۆپێشاندانێک بەڕێوەچوو، کرێکاران ئەو رۆژەی ساڵیان بە دەرفەت وەرگرتووە بۆئەوەی داوای باشترکردنی گوزەرانیان بکەن؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاداری ئەمساڵ پەرلەمانی وڵاتەکە یاسای 'رەخساندنی کار'ی بۆ زیاتر سەرنجڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی پەسند کرد، بەڵام کرێکاران گلەیی دەکەن کە یاساکە زیاتر سوود بە خاوەنکاران دەگەیێنێت نەک کرێکاران.
سری ئاجینگ، خۆپێشاندەر دەڵێت، ئەوان ناتوانن بڵێن دۆخی کرێکاران باشە، "زۆر دوورە لە باشی یان گونجاوی."
بەبۆنەی رۆژی کرێکاران، لە دەیان وڵات لە سەرتاسەری جیهان خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. لە مانێلای پایتەختی فلیپینیش کرێکاران داوایان کرد کرێی کارکردنیان بۆ زیادبکرێت، لەو وڵاتە هەر کرێکارێک رۆژانە 750 پیسۆس کە دەکاتە 13 دۆلار بۆ کارەکەی وەردەگرێت.
جۆمس سەلڤادۆر، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ ژنانیش دەچنە پاڵ ژنانی کرێکاری یەکگرتوو و یەکێتیی بازرگانانی فلیپین و لە شەقام بەیەکەوە یادی یەکێتی و هێزی کرێکاران دەکەنەوە، کە رۆژی کرێکارانە، بەیەکەوە داوا دەکەین بەپەلە مووچەکانمان زیاد بکرێت."
بەگوێرەی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، 3.32 ملیار کرێکار لە جیهاندا هەن، ساڵانە 2.3 ملیۆن رووداو لەکاتی کارکردندا روودەدەن، نزیکەی 1.9 ملیۆن کرێکار گیانلەدەستدەدەن؛ هاوکات 38%ی کرێکاران لەژێر گوشاری دەروونی کار دەکەن و 74%یان رۆژانە لەسەر 13 دۆلار دەژین.
هەرچەند کرێکاران لە سەرتاسەری جیهان لە دۆخی کارکردن ناڕازین، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا بەهۆی پێشهاتە سیاسییەکان ناڕەزایەتییەکان قووڵترن، بۆ نموونە رۆژی کرێکاران بۆ فەرەنسییەکان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ، کە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی سەرتاسەریی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ