رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئۆکراینا گوندی لوکاینایڤکای کۆنترۆڵ کردەوە کە تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای کیێڤەوە دوورە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 14ـی ئاداردا کەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی رووسیا.
بەشێک لە دیمەنی دوای شەڕ لە گوندەکەدا بریتییە لە، تانکە تێکشكێندراوەکانی رووسیا لە جۆری تی 72. ساڵی 1972 یەکێتیی سۆڤیەت ئەو جۆرە تانکەی دروستکردووە.
نرخی یەک دانەیان نزیکەی 500 هەزار دۆلارە، ئەو مووشەکەی ئۆکراینییەکان بۆ تەقاندنەوەی تانکە رووسییەکە بەکاری دەهێنن پێی دەگوترێت "جاڤلن."
ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی نزیکەی 17 هەزار مووشەکی جاڤلنیان داوەتە ئۆکراینا، کاریگەرییەکەی لە بەرەکانی جەنگدا وایکردووە، کیێڤ داوای زیاتر بکات بۆ ئەوەی پێشڕەوییەکانی هێزی زەوینی رووسیا رابگرێت.
جاڤلن ساڵی 1996 ئەمریکا دروستیکردووە. لەسەر شان هەڵدەگیرێت و دەکرێت بۆ تێکشکاندنی هێلیکۆپتەریش بەکاربهێندرێت.
ساڵی 2001 بۆ یەکەمجار لە ئەفغانستان بەکارهێندرا و دواتریش لە ساڵی 2003 لە تێکشکاندنی تانکەکانی عێراقدا سوودی لێوەرگیرا. نرخی یەک مووشەکی 178 هەزار دۆلارە و نرخی هاوێژەرەکەی 78 هەزار دۆلارە. کێشەکەی 6.4 کیلۆگرامە و دەتوانێت 2500 مەتر تاوەکو 4750 مەتر بەگوێرەی شێوازی بەکارهێنانی ببڕێت.
بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆییەک، لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2021، واتە دوو مانگ پێش دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا؛ سەربازانی ئۆکراینی راهێنان لەسەر بەکارهێنانی جاڤلن دەکەن. راهێنانێک لە ماوەی 35 رۆژی رابردوودا هێزێکی زۆری لە بەرەی جەنگ پێداون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ