ڤیدیۆ؛ پانۆرامای وەرزشیی 2024.. ریال مەدرید بایکۆتی باڵۆن دۆری کرد

31-12-2024
ئیحسان تاهیر
ڤینیسیۆس و پێرێز
ڤینیسیۆس و پێرێز
نیشانەکردن پانۆرامای وەرزشیی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی گاریس ساوسگەیت دوای شکستەکەی بەرامبەر ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024، لی کارسلی وەک راهێنەری کاتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەستنیشانکرا، دواتریش لە 16ـی تشرینی یەکەم تۆماس توخێلی راهێنەری پێشووی پاریس سانجێرمان و چێڵسی و بایرن میونشن، وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سێ شێرەکان دەستنیشانکرا.
 
توخێل سێیەم راهێنەری بیانییە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات دوای سڤێن گۆران ئێریکسۆن و فابیۆ کاپێلۆ، کە لە مانگی یەکدا دەستی بە ئەرکە قورسەکەی کرد، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە چاوەڕوانییە درێژخایەنەکەی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ بردنەوەی نازناوەکان.
 
مانچێستەر یونایتد دوای دەستپێکردنێکی نائومێدکەری ئەم وەرزە، بڕیاریدا ئێریک تێن هاگی راهێنەری لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، و بۆ ماوەیەکی کاتی لە شوێنی ئەو رود ڤان نیستڵڕۆی، یاریزانی پێشووی یانەکەی دانا، تاوەکو راهێنەری نوێ روبێن ئامۆریم دەستبەکاربوو، کە گرێبەستێکی تاوەکو حوزەیرانی 2027 لەگەڵ مان یونایتد واژۆکرد.
 
لە ئاهەنگی تۆپی پێی ئیسپانیا کە لە پاریس بەڕێوەچوو، یاریزانانی تۆپی پێی ئیسپانیا دوای درەوشاوەیی خۆیان لە یۆرۆی 2024 و ئۆڵیمپیاد رێزیان لێگیرا، رۆدری خەڵاتی باشترین یاریزانی بەدەستهێنا و ئایتانا بۆنماتی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا دوای وەرزێکی ناوازە خەڵاتی باشترین یاریزانی بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بەدەستهێنا.
 
شاندی یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بەشداری ئاهەنگی باڵۆن دۆری لە پاریس نەکرد، چونکە یانەکە پێیوابوو دەبوو خەڵاتەکە ببەخشرایە یەکێک لە یاریزانەکانی، ڤینیسیۆس یان جود بێلینگهام.
 
لە جیهانی تێنسدا، کۆکۆ گاوف دەستکەوتێکی نوێی زیادکرد بە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی ریاز.
 
یاریی بۆکسێن کێبڕکێیەکی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی، لەنێوان ئەفسانەی پێشووی بۆکسێن مایک تایسۆن و رکابەرەکەی جەیک پاوڵ لە شەڕێکدا کە لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو.
 
دوای ئەوەی وەرزی مۆتۆجیپی 2023ـی بە پلەی دووەم کۆتاییپێهێنا و بە 39 خاڵ لەدوای فرانسیسکۆ باگنایا هات، خۆرخی مارتن توانی تۆڵەی ساڵی 2024 بکاتەوە کاتێک یاریزانە ئیسپانییەکە سێ پێشبڕکێی بردەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتی جیهانی دوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەم لە پێشبڕکێی کۆتایی ساڵی وەرزەکە لە بارسێلۆنا.
 
تێنسی ئیتاڵیا کۆتایییەکی نایابی بۆ تیپەکانی پیاوان و خانمان لە جامی دەیڤز تۆمارکرد و جامی دەیڤز لە مەلەگا شاهیدی دوایین دەرکەوتنی ئەفسانەی تێنسی ئیسپانی رافایل نادال بوو لەسەر یاریگاکانی تۆپی زەرد.
 
لویس هامیلتۆن بە پلەی دووەم لە دوای هاوڕێکەی جۆرج روسێل کۆتایی پێهێنا، ئەمەش دوایین دەرکەوتنی بوو لەسەر پۆدیۆم لەگەڵ مێرسیدس پێش ئەوەی بچێتە فێراری لە پێشبڕکێی داهاتوودا لە قەتەر، هامیلتۆن پلەی 12ـی بەدەستهێنا، دواتر لە پلەی چوارەم هات لەدوا پێشبڕکێی وەرزەکە لە ئەبوزەبی.
 
یانەی ریال مەدرید دوای بردنەوەی لە یانەی پاچوکای مەکسیکی لە قەتەر، نازناوی پاڵەوانی جامی کیشوەرەکانی سەر ئاستی یانەکانی بەدەستهێنا.
 
ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی ئەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی ببێتە باشترین راهێنەری مێژووی یانە ئیسپانییەکە، کە 15 نازناوی بەدەستهێناوە و پێش یاریی کۆتاییش ڤینیسیۆس جونیۆر لەلایەن فیفاوە وەک باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکرا و زە بێستی بردەوە.
 
ئایتانا بۆنماتی خانمە ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا بەردەوام بوو لە دەستبەسەرداگرتنی خەڵاتەکان لە تۆپی پێی خانمان.
 
شەڕی ئۆلێکساندر ئوسیک پاڵەوانی کێشی قورس و تایسۆن فیوری رکابەرە بەریتانییەکەی لە ریازی سعودیە بە بردنەوەی ئوسیک بە کۆی دەنگ کۆتاییهات، و تۆماری ئەو پاڵەوانە ئۆکراینییە بەبێ دۆڕان مایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە