ئاساموا جیان مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند

02-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئاساموا جیان هەڵبژاردەی غانا یانەی ساندرێرلاند یانەی عەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاساموا جیان، ئەفسانەی تۆپی پێی غانا، مایەپووچوونی خۆی راگەیاند و ئاشکرایکرد تەنیا 750 دۆلار لە ئەژمارە بانکییەکەیدا ماوە. لە کاتێکدا پێشتر یەکێکبوو لە دەوڵەمەندترین یاریزانەکانی جیهان.
 
هێرشبەرە غانییە تەمەن 39 ساڵەکە، کاروانی پیشەگەرانەی لە یاریگەکاندا لە یانەی لیبرتی پرۆفیشناڵەوە دەستپێکرد لە ساڵی 2003، بەرلەوەی بەگرێبەستێکی پێنج ساڵە بچێتە یانەی ئۆدینێزی ئیتاڵی، کە لەو ماوەیەدا لەنێوان 2004 تاوەکو 2006 بەخواستن رووی لە یانەی مۆدینا کرد.
 
جیان دواتر روویکردە رێنی فەرەنسی و لە 51 یاریدا، 14 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکرد. بەڵام دواتر یانەی ساندێرلاندی ئینگلیزی، لە ساڵی 2010 دا بەرامبەر بە 13 ملیۆن یۆرۆ ئەوی گواستەوە ریزەکانی، بەڵام ماوەیەکی کەم پاش مانەوە لەو یانەیە روویکردە یانەی عەینی ئیماراتی و گرێبەستی یەکجاری لەگەڵ ئەو یانەیە کرد.
 
رۆژنامەی 'میرەر'ی بەریتانی دەڵێ، جیان لە ئیمارات هەفتانە 200 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەرگرتووە. لەگەڵ ئەو یانەیە لە کۆی 123 یاریدا 128 گۆڵی تۆمارکردووە. ساڵی 2015 لە هەنگاوێکی دیکە دەوڵەمەندبوونی زیاتردا، روویکردە یانەی شەنگەهای ئی ئای پی جی.
 
لە چین، ئاساموا جیان بووە خاوەنی هەشتەم بەرزترین مووچە لە جیهاندا، ئەوکات هەفتانە 285 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک مووچەی هەفتانە وەردەگرت. لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی لە 26 یاریدا زیاتر لە هەشت گۆڵ تۆمار بکات.
 
جیان دواتر لە یانەکانی قەیسەری سپۆرتی تورکی و نۆرس ئیست یونایتدی هیندی و لیگۆن ستییزی غانی یارییکرد، بەرلەوەی کلە 2021 کاروانی یارییکردنی کۆتایی پێبهێنێت بەتۆمارکردنی 51 گۆڵ لە 109 یاریی بۆ هەڵبژاردەی غانا.
 
ئەو یاریزانە لە کێشەیەکی یاساییەوە گلا لەگەڵ هاوژینەکەی. ئەو هاوژینەکەی تۆمەتبارکرد بەناپاکی و داوای پشکنینی دی ئێن ئەی کرد، بۆ سێ منداڵەکەی و دوای یەکلابوونەوەی باوکایەتیی ئەو بۆ منداڵەکان، ناچاربوو دەست لە بەشێکی زۆری موڵک و ماڵەکەی هەڵبگرێت، وەک ڤێلا، دوو خانوو، بەنزینخانە و دوو ئۆتۆمبێل، بۆ هاوژینەکەی.
 
جیان پێشتر لە 2018 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاندبوو، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەوەی ئەو دەیڵێت، دوورە لە راستییەوە.
 
چیرۆکەکە لە دەمەقاڵەیەکی نێوان جیان و هاوژینەکەیەوە دەستپێکرد، کاتێک ئەو لە رووداوەکەدا گومانی لەوەکردبوو سێ منداڵەکە هی ئەوبن. ئیدی لەوێوە کێشەی گەورە لەنێوان جیان و گێفتی هاوژینی سەریهەڵدا.
 
براکەی جیان، هەوڵیدا کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام گیفتی سووربوو لەسەر ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی منداڵەکانی.
 
جیان و گیفتی پێشتر لە 2002 یەکدییان ناسیبوو، لە 2013 هاوسەرگیرییان کرد، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دووپاتیاندەکردەوە کە جیان بەئافرەتێکی دیکە سەرسامە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دادگای کەسیی غانا، باوکایەتی جیانی بۆ سێ منداڵەکە لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە یەکلاکردەوە و بەسەریدا سەپاند کە قەرەبووی گەورەی هاوژینەکەی بکاتەوە.
 
قەرەبووەکە بەهۆی ناوزڕاندنەوە گەورەبوو. جیان ناچارکرا دەست لەخانوویەکی لە بەریتانیا وەربگرێت، لەگەڵ خانوویەکی گەورە کە چوار ژووری نووستنی تێدایە لە غانا، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی بی ئێم دەبلیو و ئینفینیتییەک و بەنزینخانەیەک.
 
دادگا هەروەها بڕیاریداوە کە پێویستە جیان مانگانە 1700 دۆلار بداتە هاوژینەکەی، بۆ خەرجیی منداڵەکانی.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی دەڵێ، ئەوەی جیان دەیڵێ، ئەمجارەش جێگەی گومانە، چونکە ئەو پارەیەکی زۆری کۆکردووەتەوە، چەندین سەرچاوەی جیاوازی داهات و بزنسی هەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئۆتۆمبێلێکی رۆلز رۆیسی هەبووە کە بەهاکەی سێ ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە جیا لە کۆشکێک لە ئاکرای پایتەختی غانا.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، داهاتی جیان زۆر بووە، سێ ئەلبوومی گۆرانیی بڵاوکردووەتەوە و پارەی زۆری دەستکەوتووە، هەروەها بازاڕگەری بۆکسێن بووە لە غانا و زیاتر لە 30 پاسی هەیە لە ئاکرای پایتەختی غانا کە لە کۆمپانیایەکدا کاردەکەن.
 
جیان لە ژیانی خۆیدا، هەروەها کاری سیاسییشی کردووە، ماوەیەک ئەندامی پارتی نیشتمانیی نوێی راستڕۆ بووە، بەڵام دواتر رایگەیاند چیدی کاری حزبایەتی ناکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە