ڤیدیۆ؛ پانۆرامای وەرزشیی 2024.. ریال مەدرید هەمیشە پاشای ئەورووپایە

31-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن پانۆرامای وەرزشیی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکۆتی شیڤلەری پێشەنگی گۆڵفوانانی جیهان، نازناوی گۆڵفی ماستەرزی بۆ دووەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە لوفڤیگ ئۆبێرگی سوێدی بردەوە بەجیاوازیی چوار لێدان.
 
یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، بەپێشەوایەتیی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئیسپانی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی بۆندێسلیگای بەدەستهێنا، پاشئەوەی بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولەکە، لە ڤێردەربرێمەنی بردەوە بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر، بەوەش کۆتایی بەباڵادەستیی بایرن میونشن بەسەر نازناوە نێوخۆییەکەدا هێنا. فلۆریان ڤێرتز لە گێمی دووەمی یارییەکەی ڤێردەبرێمەندا هاتریکی تۆمارکرد و ڤیکتۆر بۆنیفاس و گرانیت چاکاش دوو گۆڵەکەی دیکەی لیڤەرکوزنیان تۆمارکرد.
 
یانەی ئینتەرمیلان نازناوی خولی ئیتاڵیای بۆ جاری بیستەم لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە تۆرینۆ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر. لە هەمان کاتدا یانەی پاریس سانجێرمان، نازناوی ژمارە 12ی خۆی لە خولی فەرەنسا بەدەستهێنا، پاش یەکسانبوونی لەگەڵ لۆهاڤێر بە سێ گۆڵ بۆ هەر لایەک.
 
تایسۆن فیۆری، بۆکسێنەری ئەمریکی، بۆ یەکەمجار لە کاروانی خۆیدا، بە ئۆلیکساندەر ئۆسیکی ئۆکراینی دۆڕا لەو یارییەدا کە لە ریازی سعودیە ئەنجامدرا.
 
یانەی مانچێستەر سیتی بۆ چوارەم وەرزی لەسەریەک، نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە وێستهام بە سێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک و بەوەش وەرزەکەی بە کۆکردنەوەی 91 خاڵ کۆتایی پێهێنا و یانەی ئارسیناڵ جارێکی دیکە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنایەوە.
 
یانەی ئاتاڵانتا نازناوی یۆرۆپالیگی بردەوە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1963ەوە، پاش بردنەوەی لە بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە. ئادیمۆ لوکمان ئەستێرەی ئاتاڵانتا، باشترینی یارییەکە بوو پاش تۆمارکردنی هاتریک.
 
یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە، لە کۆتایی وەرزدا ریزەکانی بارسێلۆنا بەجێدەهێڵێت. چاڤی ناکۆکی قووڵی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەدا هەبوو.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، هاوشارییەکەی خۆی، مانچێستەر سیتی دووچاری شۆککرد، کاتێک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا و بەوەش گەیشتە نازناوی ژمارە 13ی خۆی لە جامەکەدا.
 
تادی بۆگاچاری سلۆڤینی، نازناوی سووڕانەوەکانی جیرۆی بۆ پایسکلسواری و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا بەدەستهێنا، بەوەش بەجیاوازیی نزیکەی دە خولەک لە نزیکترین رکابەرانییەوە دوور بوو.
 
یانەی بایرن میونشن دەستنیشانکرانی ڤینیسنیت کۆمپەنی بە راهێنەری نوێی یانەکە راگەیاند، پاشئەوەی یانەکە وەرزێکی دەستبەتاڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان هەبوو. کۆمپەنی لە شوێنی تۆماس توخێل دەستبەکاربوو.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بۆ جاری پانزەیەم لە مێژووی خۆیدا، نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لەو یارییەدا کەلەسەر یاریگەی وێمبڵی ئەنجامدرا. یانەی شاهانە چەند هەفتەیەک بەر لەو رووداوە، نازناوی لالیگاشی بەدەستهێنابوو.
 
یانەی فەنەرباخچەی تورکی، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی، وەک راهێنەری نوێی یانەکە ناساند. کارەکە بەهەنگاوێک بەئاراستەی گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ نێو جیهانی راهێنەرایەتی، دوور لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا دانرا بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2004ەوە کە ئەو راهێنەرە دەستی بەکاری راهێنەرایەتی کردووە.
 
ئیگا شیڤۆنتیکی پۆڵەندی، سێیەم نازناوی لەسەریەکی لە پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی فەرەنسا بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە جاسمین پاولینی ئیتاڵی.
 
لەسەر ئاستی پیاوان لە هەمان پاڵەوانێتی، کارلۆس ئالکارازی ئیسپانی، سێیەم نازناوی خۆی لە پاڵەوانێتییەکانی گراند سلام بردەوە، پاش بردنەوەی لە یاریی کۆتایی رۆلان گارۆس لە ئەلیکساندەر زڤیریڤ.
 
برایسۆن دیچامپۆ، نازناوی پاڵەوانێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ گۆڵف بردەوە بۆ دووەمجار پاش رکابەرییەکی بەهێز لەگەڵ رۆری ماکلرۆی.
 
یانەی بۆستن سێلتێکس، نازناوی خولی باسکەی ئەمریکای بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە دالاس مافرێکس بە 106 خاڵ بەرامبەر 88 خاڵ، لە زنجیرەی یارییەکانی کۆتایی، بەوەش تیمەکە نازناوی ژمارە 18 ی خۆی لە ئێن بی ئەی بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە