داوادەکرێت رۆناڵدۆ لە نەسڕ دەربکرێت

30-10-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تا دێت بەشێک لە هاندەرانی یانەی نەسڕی سعودی متمانەیان بەتواناکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەکەیان کەم دەبێتەوە و کار گەیشتووەتە ئەوەی هەندێکیان لەگەڵ بەشێک لە ئەفسانەکانی یانەکە داوا بکەن یانەکە دەستبەرداری رۆناڵدۆ ببێت.
 
فەهد هرێفی، ئەفسانەی پێشووی یانەی نەسڕی سعودی داوای لە بەرپرسانی یانەکە کرد کە دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستی ئێستای کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکەیان، دەستبەرداری بن و گرێبەستەکەی نوێ نەکەنەوە.
 
یانەی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی لە سیناریۆیەکی سەختدا ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتی جامی شای سعودیە کرد، کاتێک ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە گەڕی 16ـی جامی شادا، نەسڕ بە ئەنجامی 0-1 بە تەعاون دۆڕا.
 
لە گێمی یەکەمدا، تەعاون بە گۆڵێکی بێبەرامبەر پێشکەوت کاتێک وەلید ئەحمەد لە خولەکی 71 بە لێدانی سەر تۆڕی گۆڵی نەسڕی هەژاند.
 
لە خولەکی شەشەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، نەسڕ هەلێکی زێڕینی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە رەخسا، دوای ئەوەی ناوبژیوان لێدانی سزای لە بەرژەوەندی ئەواندا هەژمارکرد، بەڵام رۆناڵدۆ لەدەستیدا و بووە هۆکاری دەرکردنی تیپەکەی لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
بەمدواییانە باس لەوە دەکرا کە کارگێڕیی یانەی نەسڕ هەوڵدەدات گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ وەرزێکی دیکە نوێ بکاتەوە.
 
فەهد هرێفی، گوتی "بەداخەوە لە یانەی نەسڕ شوێنی کوڕەکانی و کادیرە دڵسۆزەکانی نەماوە. من لەگەڵ ئەوەدام دەستبەرداری ئاندەرسۆن تالیسکا بن لە کۆتایی وەرزدا، هەروەها کریستیانۆ رۆناڵدۆش، خۆزگە رۆناڵدۆ لە زمانی عەرەبی تێدەگەیشت، بۆ ئەوەی پێیبڵێم تاوەکو ئێرە بەسە و وازبێنە".
 
ئەو ئەفسانەیەی پێشووی یانەی نەسڕ و هەڵبژاردەی سعودیە، زیاتر گوتی "نەسڕ هیچ  بیرۆکەی کارگێڕی نەماوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی تیپەکەیە، کە باوەڕناکەم لەم وەرزەدا تیپەکە هیچ نازناوێک بەدەستبهێنێت.
 
دووپاتیشی کردەوە "باری دەروونی کریستیانۆ لە یارییەکەدا باش نەبوو، و ئامادە نەبوو، بۆ من رۆناڵدۆ باشترین یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەڵام هیوادارم بڕیاردەرانی یانەکە گرێبەستەکەی نوێ نەکەنەوە، چونکە ئەو یاریزانە سوودی بۆ تیپەکە نەماوە".
 
هاندەرانی تۆپی پێی سعودیە چاوەڕوانی رووبەڕووبوونەوەی بەهێزی داهاتوون لەنێوان یانەی نەسڕ و هیلال، کە رۆژی هەینی داهاتوو لە خولی سعودیە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
یانەی هیلال لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی سعودیەدایە، بەکۆکردنەوەی 24 خاڵ، کە 6 خاڵ لەپێش نەسڕی خاوەن 18 خاڵە لە پلەی سێیەمدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە